ماڵباتێک 4 ساڵە پزیشکی خێزانی چاودێریی تەندروستییان دەکات؛ ''تێچووی چارەسەرمان کەمبووەتەوە''

12-02-2025
ڤەژین موراد
ئەو ماڵباتەی کە سوودیان لە پزیشکی خێزانی بینیوە لەگەڵ پەیامنێری رووداو دانیشتوون. وێنە: رووداو
ئەو ماڵباتەی کە سوودیان لە پزیشکی خێزانی بینیوە لەگەڵ پەیامنێری رووداو دانیشتوون. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

راپەر 4 ساڵە خۆی و منداڵەکانی راوێژ بە پزیشکێکی خێزانی دەکەن و دەڵێت: پزیشکە خێزانییەکەمان رێنوێنیی دۆخی تەندروستیی هەموومان دەکات و تێچووی چارەسەرەکانیشی بۆ کەمکردووینەتەوە.
 
راپەر سدیق، پیاوێکی کوردە کە خۆی و منداڵەکانی و خێزانەکەی، 4 ساڵە سەردانی پزیشکی خێزانی دەکەن و دەڵێت کە زۆر سوودی لێبینیوە، دەشڵێت لەگەڵ پزیشکەکەی بوونەتە هاوڕێ.
 
پزیشکی خێزانی یەکەم کەسە پێویستە هەرنەخۆشێک سەردانی بکات. ئەوان شارەزای زۆربەی کێشە تەندروستییەکانن و دەتوانن رێنوێنی هەموو ئەندامانی خێزان بکەن. بەڵام بەهۆی نەبوونی ئەو سیستەمە تەندروستییە لە هەرێمی کوردستان بەشێکی هاونیشتمانییان لیی بێخەبەرن و یەکەم جاریانە بیبیستن.
 
دکتۆر دیدە نەوزاد، خوێندکارێکی پزیشکیی خێزانییە و دەڵێت: پێویستە یەکەم کەس کە نەخۆش بیبینێت لای ئێمەوە بێت، بەڵام سیستمەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە جۆرێکە کە ئەمە پەیڕەو ناکرێت.
 
دەرچوانی پەشی پزیشکی پێویستیان بە شەش ساڵە بۆ ئەوەی ببن بە پزیشکی خێزانی، بەڵام خواستی کەمیی خوێندکاران بۆ ئەم بوارە بووەتە هۆی کەمیی ژمارەیان لە بنکە تەندروستییەکان.
 
د. دلین حوسێن ئاکرەیی، پسپۆڕی پزیشکیی خێزانی پێشنیازدەکات، هەر خێزانێک دابەشبکرێتە سەر چەند بنکەیەک و ئەو بنکانەش لەلایەن پسپۆڕانی پزیشکیی خێزانییەوە بەڕێوەببرێن، تاوەکو کۆنتڕۆڵی تەندروستیی هەموو ماڵباتەکە بکات.
 
لە هەرێمی کوردستان 58 پزیشکی خێزانی لە هەولێر، 10 لە دهۆک و 3 لە سلێمانی هەن. بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی سێ ساڵە ستراتیژییەک بۆ ریفۆرمی سیستمی تەندروستی پێشکێشکراوە کە بەشێکی تایبەتە بە پزیشکانی خێزانی.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خانمێک پەرداخێک ئاو دەخواتەوە. وێنە: The Nutrition Source

پسپۆڕێکی فیسیۆلۆژی: ئاوخواردنەوە هۆکارێكی دڵەکزێ و بەدهەرسییە

زۆرێکمان حەز بە خواردنەوەی ئاو لە کاتی نانخواردن دەکەین و چێژی لێوەردەگرین، بەڵام پسپۆڕێکی فیسیۆلۆژیی جەستە دەڵێت: ئاوخواردنەوە هۆکارێكی دڵەکزێ و بەدهەرسییە و ئەگەریش خورایەوە، ئەوا بڕێکی زۆر کەمی لێ بخورێتەوە.