رووداو - تەندروستی
لە هەرێمی کوردستان پسپۆڕانی پزیشکیی خێزانی رۆڵی خۆیان پێنەدراوە، ئەمە قسەی پسپۆڕانی ئەو بوارەیە و دەیانەوێت لەڕێگەی رووداوەوە پەیامەکانیان بگات، بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی بە رووداوی راگەیاند، پێویستە لە هەموو بنکەیەک پزیشکی خێزانی هەبێت، بەڵام نییە.
بەرپرسی هۆبەی پزیشکیی خێزانی لە وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیێنێت، ''زۆرینەی پزیشکانی خێزانی لە هەرێمی کوردستان کاری خۆیان ناکەن و پسپۆڕییەکەیان بایەخی پێنەدراوە''.
د. سوزی ئەحمەد جامباز، بەرپرسی هۆبەی پزیشکیی خێزانی لە وەزارەتی تەندروستی بە رووداوی گوت، 78 پسپۆڕی پزیشکیی خێزانی هەن کە دابەشکراون بەسەر 11 بنکەی تەندروستی لە هەولێر، 2 بنکەی تەندروستی لە دهۆک و یەک بنکەی تەندروستی لە سلێمانی، گوتیشی ''ئەم رێژەیە زۆر کەمە و حکومەت وەکو پێویست بایەخ بەو پسپۆڕییە نادات''.
بە گوتەی د. هێمن جەواد، سەرۆکی کۆمەڵەی پسپۆڕانی پزیشکیی خێزانی لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: هەر کەسێک ئەو پسپۆڕییەی هەبێت، ئەوا ئامادەیە کە ئەندامانی خێزان لە منداڵەوە بگرە تاوەکو بەساڵاچوو چارەبکات و لە نەخۆشییەکانیان بکۆڵێتەوە.
بەپێی کۆمەڵەی پزیشکانی خێزانی لە کوردستان، لە هەرێمی کوردستان هەر پزیشکێک بەرامبەر بە 91250 کەسە، بەڵام لە تورکیا 3145 کەس و لە ئێران 12500 کەس و لە ئوردنیش 4500 کەس لەبەرامبەر پزیشکێکی خێزانی هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ