دەستەی بیمەی تەندروستیی عێراق: بیمەی تەندروستی لە قۆناخی یەکەم تەنیا لە بەغدا جێبەجێدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی بیمەی تەندروستیی عێراق دەڵێت، بیمەی تەندروستی لە عێراق دەستپێدەکات، لە قۆناخی یەکەمدا تەنیا 10٪ی کارمەندانی حکومی لە بەغدای پایتەخت و نزیکەی 125 هەزار کەسیش لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و خانەنشینان دەگرێتەوە.
د. ئیهاب عەبدولکەریم، گوتەبێژی دەستەی بیمەی تەندروستیی عێراق بە رادیۆی رووداوی گوت، پرۆژەی بیمەی تەندروستی لە عێراق ئێستا لە قۆناخی یەکەمدایە و بۆ ماوەی شەش مانگ دەرگەی خۆتۆمارکردن بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەکرێتەوە کە تێیدا، وەکو قۆناخی یەکەم تەنیا بەغدای پایتەخت دەگرێتەوە.
وەک گوتەبێژی دەستەی بیمەی تەندروستیی عێراق دەڵێت، پرۆژەکە لە قۆناخی یەکەمدا تەنیا کارمەندانی حکومی لە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و کارمەندانی دیوانی شەش وەزارەت دەگرێتەوە لەوانە وەزارەتەکانی (دارایی، گەیاندن و پەیوەندییەکان، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کشتوکاڵ و خوێندنی باڵا).
بە گوتەی ئیهاب عەبدولکەریم، بێجگە لە کارمەندانی حکومەت لە سێ سەرۆکایەتییەکە و شەش وەزارەت کە ژمارەیان نزیکەی 150 هەزار کەس دەبن لەگەڵ کەسوکاریان، 100 هەزار کەس لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، 25 هەزار خانەنشینان و نەخۆشانی دەروونی و کەسانەی کەمئەندامن دەگرێتەوە.
سەبارەت بە بڕی ئەو پارەیەی لە مووچەی کارمەندانی حکومەت دەبڕدرێت لە بەرامبەر سوودمەندبوون لە بیمەی تەندروستی، د. ئیهاب عەبدولکەریم دەڵێت، "1٪ی لە مووچەکەیان دەبێت، بەڵام بۆ کەسوکاریان و ئەوانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە بێ بەرامبەر دەبێت."
لەبارەی جێبەجێکردنی پرۆژەی بیمەی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی دەستەی بیمەی تەندروستیی عێراق گوتی، "پرۆژەکە لە قۆناخی یەکەم تەنیا لە بەغدا دەبێت پاشان لە پارێزگاکانی دیکەش جێبەجێ دەکرێت و لە داهاتوودا کارمەندانی کەرتی تایبەتیش بەگوێرەی رێنماییەکان دەگرێتەوە."