توێژینەوەیەکی بەریتانی: خۆراکە ئامادەکراوەکان مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکەن

رووداو – تەندروستی 

توێژینەوەیەک لە بەریتانیا لەبارەی خۆراکە ئامادەکراوەکانەوە هۆشداری دەدات کە هاووڵاتییان بەکارهێنانی ئەو خۆراکانە سنوورداربکەن، چونکە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ زیاددەکەن.
 
کۆلێژی تەندروستیی گشتیی زانکۆی ئیمپریاڵ لە لەندەن دەریدەخات، خۆراکە ئامادەکراوەکان وەکو 'خۆراکە خێراکان، خۆراکە لەقوتوونراوەکان و سوورەوەکراوەکان، ئایسکرێم، شۆربای پاکەتکراو، هۆت دۆگ، سۆسج، چپس..' پەیوەندیدارن بە تووشبوون بە چەندین نەخۆشیی درێژخایەن لەنێویشیاندا شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی دڵ و گیرانی خوێنبەرەکان. 
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری پزیشکیی لانسێت بڵاوکراوەتەوە و ئاشکرای دەکات، شێرپەنجەی مەمک و پڕۆستات باوترین ئەو شێرپەنجانەن کە بەهۆی زۆر خواردنی خۆراکە ئامادەکراوەکانەوە تووشی بەشداربووانی توێژینەوەکە بوون. 
 
توێژەران زیاتر لە 197 هەزار لیستی خۆراکی بەشداربووانیان دەپشکنی کە سەرجەمیان تووشبووی شێرپەنجە بوون، دەرکەوت خۆراکە ئامادەکراوەکان لە لیستی خۆراکی تووشبووانی 34 جۆری جیاوازی شێرپەنجە هەبوون، بەڵام زۆرترین کاریگەرییان لەسەر شێرپەنجەی پڕۆستات، مەمک، هێلکەدان و مێشک هەبووە، بەجۆرێک خۆراکە ئامادەکراوەکان 20٪ شێرپەنجەی مەمک، 16٪ شێرپەنجەی پڕۆستات و 15٪ شێرپەنجەی هێلکەدان و 11٪ شێرپەنجەی مێشک کاریگەریی دروستکردووە.
 
د. ئێستەر ڤامۆس، پسپۆڕی خۆراک لە زانکۆی ئیمپریاڵ دەڵێت: ''توێژێنەوەکەمان دەیسەلمێنێت کە زۆرخواردنی خۆراکە ئامادەکراوەکان لە ژەمی رۆژانەدا مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکات.'' 
 
د. ئێستەر ڤامۆس روونیدەکاتەوە، خۆراکە ئامادەکراوەکان زۆرجار بەهۆی تام، چێژ و ئاسانکاری لە ئامادەکردنیان سەرنجڕاکێشن و خواستی زۆریان لەسەرە، تەنانەت خوێ، شەکر، چەوری، مادەی پارێزەر و رەنگی دەستکردیشیان تێدەکرێت بۆ ئەوەی تامێکی خۆش و شێوەیەکی سەرنجڕاکێشیان هەبێت.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و رێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایان کردووە، بەکارهێنانی خۆراکە ئامادەکراوەکان دەبێت سنوورداربکرێن و رۆژانە بڕێکی کەمیان لێ بخورێت، چونکە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکو 'قەڵەوی، شەکرە، بەرزەپەستانی خوێن و شێرپەنجە' زیاددەکەن، هەروەها پێویستە بایەخ بە خۆراکە تازە و سرووشتییەکان بدرێت.