پسپۆڕێکی پێست هۆکار و رێگەکانی پێشگیریکردن لە وشکبوونی لێوەکان دەخاتەڕوو

رووداو - تەندروست 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لە سوێد چەند هۆکارێکی وشکبوون و قڵیشانی لێوەکان ئاشکرادەکات و رایدەگەیێنێت، وشکبوونی لێوەکان هەندێکجار بە ئازارە، هاوکات شێوەیەکی ناڕیکێش بە جوانیی رووخسار دەبەخشێت. 
 
دکتۆر ئانا جۆزێفسۆن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست لە نەخۆشخانەی زانکۆی ئۆرێبرۆ لە سوێد دەریدەخات، هۆکارەکانی وەکو 'وشکبوونەوەی جەستە، کەمیی ڤیتامینەکان و هەستیاری' لە هۆکارە باوەکانی قڵیشانی لێوەکانن.
 
دکتۆر ئانا جۆزێفسۆن دەڵێت: ''کەشوهەوای سارد و وشکی زستان یاخود مانەوە لەبەردەم خۆردا لە وەرزی هاوین هۆکارێکن بۆ وشکبوونی لێوەکان.'' 
 
لە بارەی وشکبوونەوەی جەستە پسپۆڕەکەی پێست پێشنیازدەکات، رۆژانە جگە لە خواردنەوەی ئاو، بایەخ بە خواردنەوەی شەربەت و میوە سرووشتییەکانیش بدرێت بۆئەوەی ئاوی پێویست بۆ جەستە دابینبکەن، هەروەها دەڵێت: ''خۆراکەکانی وەکو 'شووتی، کاڵەک، شلیک، خۆخ، پرتەقاڵ، تەماتە، خەیار، سپێناخ و قارچک' رێژەیەکی زۆر لە ئاویان تێدایە و جەستە شێداردەکەن.''
 
بەگوتەی پسپۆڕەکەی پێست ڤیتامینەکان کاریگەریی سەرەکییان لەسەر وشکبوونەوەی جەستە دەبێت، بەجۆرێک کەمیی ڤیتامین بی و مادەی ئاسن دەشێت رێخۆشکەربن بۆ تووشبوون بە هەوکردن و قڵیشانی لێوەکان.
 
دکتۆر ئانا روونیدەکاتەوە، هاووڵاتییان بۆ دەستکەوتنی ڤیتامین بی بایەخ بە 'جگەری ئاژەڵ، برۆکلی، پاقلەمەنییەکان، چەرەس، ماسی و مۆز' بدەن، هەروەها بۆ دەستکەوتنی مادەی ئاسن خۆراکەکانی وەکو 'گوێز، میوەوشککراوەکان، چەرەس، هێلکە، پاقلەمەنییەکان، گۆشتی سوور، سپێناخ و شوکولاتەی رەش' بخۆن.
 
پسپۆڕەکەی پێست ئاماژە بە چەند ناڕێکی و نەخۆشییەک دەکات کە دەبنەهۆی قڵیشان و وشکبوونی لێو و دەڵێت: ''زۆرینەی حاڵەتەکان بەهۆی هەستیاری و کەمیی چالاکیی رژێنی پەریزادەوە دەبێت، هەروەها هەوکردنی بەکتریایی و کەڕوویی دەشێت هۆکاربن بۆ وشکیی لێوەکان.'' 
 
لە بارەی پەیوەندی نێوان کێشانی جگەرە و نێرگەلە لەگەڵ وشکبوونی لێوەکان پسۆڕەکەی پێست ئاشکرای دەکات، نیکۆتینی نێو جگەرە بڕی دەردانی لیک کەمدەکاتەوە، سەرئەنجام نێو دەم و لێوەکان وشکدەبن، چونکە بەشێدار هێشتنەوەی دەم یەکێکە لە فەرمانەکانی لیک. 
 
پسپۆڕەکەی پێست و جوانکاری چەند رینوێنییەک بۆ مامەڵەکردن و پێشگیریکردن لە وشکیی و قڵیشانی لێوەکان دەخاتەڕوو و رایدەگەیێنێت، مەلهەمی لێو کە چەوری و شێداری بە لێو دەبەخشێت یاخود کرێمی شێدارکەرەوەی پێست بەکاربهێندرێت، هەروەها ڤیتامین و مادەی کانزایی پێویست بۆ جەستە بە خواردنی خۆراکەکان و تەواوکەرەخۆراکییەکان دابینبکرێن، هاوکات دوورکەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلە کێشان و مانەوە لە کەشوهەوای مامناوەند جێبەجێبکرێن. 
 
لەکۆتاییدا پسپۆڕەکە هۆشداریدەداتە هاووڵاتییان، لەکاتی بەردەوامیی قڵیشان و وشکیی لێوەکان بۆ زیاتر لە سێ هەفتە، راوێژی پزیشکی پسپۆڕ بکەن.