شای بەریتانیا گۆشتی سووری لێ قەدەخەدەکرێت
رووداو - تەندروستی
شا چارلسی سێیەم، پادشای بەریتانیا لە قۆناخی وەرگرتنی چارەسەری شێرپەنجەیە و سەرچاوەکان لە کۆشکەکەیەوە ئاشکرای دەکەن، بە تەواوی وازی لە گۆشتی سوور هێناوە، ئەمەش بۆ بەرەنگاربوونەوەیە لە نەخۆشییەکەی.
سەرەتای ساڵی رابردوو شا چارلس تووشی شێرپەنجەی پڕۆستات بوو، تۆم پارکەر بۆولز، کوڕی شاژن کامیلا ئاشکرای کردووە، ئەو خواردنی گۆشتی سووری لێ قەدەخەکراوە و لە شوێنی ئەوە ئاڤۆگادۆی بۆ دانراوە، ئەمەش بۆ پێشگیریکردنە لە دووبارە تووشبوونەوەی بە شێرپەنجە و خێراکردنی چارەسەرەکانی.
گراهام نیوبۆڵد، چێشتلێنەری کۆشکی شاهانەی بەریتانیا ئاشکرای دەکات، شا چارلس بەیانییان هەنگوین، میوەی تازە و شەربەت و خۆراکە دانەوێڵە تەواوەکان دەخوات کە دەوڵەمەندن بە ریشاڵەکان، بۆ ئەوەی ئەگەری تووشبوون و دووبارەبوونەوەی شێرپەنجەکەی کەمببێتەوە.
بەگوێرەی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی لە بەریتانیا، زۆرخواردنی گۆشتی سوور ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەکانی کۆڵۆن، رێکە و گەدە زیاددەکات بەتایبەت گۆشتە سوورە ئامادەکراوەکان، تەنانەت پێشنیازدەکات، هەفتانە کەمتر لە نیو کیلۆگرام گۆشتی سوور بخورێت.