توێژینەوەیەکی ئەمریکی: یاریی هێڵی مەرگ یارمەتیی فڕێدانی بەردی گورچیلە دەدات

11-12-2022
شکار رێبوار
یاریی هێڵی مەرگ. وێنە:margaritaville
یاریی هێڵی مەرگ. وێنە:margaritaville
A+ A-
رووداو – تەندروستی 

توێژەرانی زانکۆی میشیگن لە ئەمریکا رایدەگەیێنن، سەرکەوتن لە یاریی هێڵی مەرگ یارمەتی ئەوکەسانە دەدات کە بەردی گورچیلەیان هەیە و یارییەکە بەڕێژەی 70٪ کاریگەری لەسەر فڕێدانی بەردی گورچیلە هەیە. 
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری دامەزراوەی ئەمریکی بۆ پزیشکانی ئێسک و شکان بڵاوکراوەتەوە و دەریدەخات، ئەوکەسانەی لە کورسییەکانی پشتەوەی یاریی هێڵی مەرگدا دادەنیشن 70٪ ئەگەری فڕێدانی بەردیان زیاترە بەروارد بەوانەی لە کورسییەکانی پێشەوەدا دادەنیشن. 
 
پڕۆفیسۆر دەیڤد وارتینگەر، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە بەشی نەشتەرگەریی ئێسک و شکان لە زانکۆی میشیگن دەڵێت: ''زۆرینەی نەخۆشەکانم دوای سەرکەوتنیان لە یاریی هێڵی مەرگ، بەردی گورچیلەیان فرێداوە، تەنانەت یەکێک لە نەخۆشەکانم سێ بەردی دوای یارییەکە فڕێداوە.''
 
هەروەها دەیڤد دەریدەخات، دانیشتن لە کورسیی کۆتایی یاریەکە نزیکەی 70٪ ئەگەری فڕێدانی بەردی گورچیلەی هەیە، هاوکات رێژەکە لە کورسییەکانی سەرەتا بۆ 16٪ نزمدەبێتەوە.
 
دامەزراوەی پزیشکانی میزەڕۆ لە ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە، ساڵانە 300 هەزار کەس بەهۆی بەردی گورچیلەوە لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکان دەخەوێندرێن، کە زۆرینەی بەردەکان بە ئامێری تایبەت تێکدەشکێندرێن و لەڕێگەی میزەوە فڕێدەدرێنە دەرەوە. 
 
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رێنوێنی هاووڵاتییان دەکات و دەڵێت: ئەوانەی بەردی گورچیلەیان هەیە و مەرجە تەندروستەکانی سەرکەوتنی یارییەکەیان تێدایە، پێویستە تاقیبکەنەوە، چونکە جێگرەوەیەکی کاریگەر و تێچووی کەمترە بۆ فڕێدانی بەردی گورچیلە.
 
بەگوێرەی ئەکادیمیای ئەمریکی مایۆکلینیک، بەردی گورچیلە لە ئەنجامی کۆبوونەوەی پێکهاتە کانزایی و خوێیەکانەوە دروستدەبێت، هاوکات 'رۆژانە خواردنەوەی ئاوی پێویست، کەمکردنەوەی خۆراکە سوێرەکان و خواردنەوە گازییەکان، رێژیمی خۆراکیی تەندروست' مەرجە سەرەکییەکانی پێشگیریکردنن لە دروستبوونی بەردی گورچیلە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە