لە هیندستان جینێک دەستنیشاندەکرێت کە ''هۆکاری شێرپەنجەی پەنکریاسە''

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕانی هیندستان جینێک ئاشکرادەکەن کە ''دەبێتەهۆی شێرپەنجەی پەنکریاس''، یەکێکە لە شێرپەنجە کوشندەکان.
 
پسپۆڕانی شاری لاکنۆو لە هیندستان پڕۆتینێکی نوێیان دەستنیشانکردووە بە ناوی (CEACAM7) کە پێیان وایە هۆکارە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی پەنکریاس.
 
د. ئەنوپام داسمانا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە دەڵێت: ''دەتواندرێت دەستنیشانکردنی ئەم جۆرە پڕۆتینە، بەرچاوڕوونیی تەواو لەسەر تووشبوون بە شێرپەنجەی پەنکریاس بدات و رێگەیەک بێت بۆ زوو پشکنینی نەخۆشییەکە''.
 
بەپێی مایۆکلینیک، زۆرجار شێرپەنجەی پەنکریاس لە قۆناخی پێشکەوتوودا دەستنیشاندەکرێت کە چارەسەرەکان قورس بن، بەمەش دەبێتە کوشندە و ژیانی کەسەکە دەخاتە مەترسییەوە.
 
مایۆکلینیک بەشێک لەو هۆکارانە باسدەکات کە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکەن وەکو؛
 
1- جگەرە و نێرگەلە 
2- قەڵەوی و شێوازی ژیانی ناتەندروست
3- پیسبوونی ژینگە 
4- بەرکەوتن بە تیشک 
5- بۆماوەیی 
6- هەندێک نەخۆشیی ڤایرۆسی