ململانێی ترەمپ و هاریس لەسەر پرسی لەباربردنی منداڵ چڕدەبێتەوە
رووداو - تەندروستی
ترەمپ دەڵێت: ''دژی لەباربردنی منداڵم''، کامالاش دەڵێت: ''خانمان ئازادن چ بڕیارێک لەسەر جەستەی خۆیان دەدەن و لەباربردن ئاساییە''.
بانگەشەی هەڵبژاردن و رکابەریی نێوان هەردوو بەربژێرە سەرەکییەکەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەردەوام تووند دەبێت و یەکێک لەو پرسانەی دەیانەوێت لە رێگەیەوە متمانەی خەڵک بەدەستبهێنن؛ یاسای لەباربردنی منداڵە لە وڵاتەکە.
لە دیبەتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی ئەیلوول بە کاتی هەولێر، یەکێک لەو پرسیارانەی لە دیبەیتەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان و کامالا هاریس، بەربژێری دیمۆکراتەکان بۆ سەرۆکی ئەمریکا کرا؛ پرسیاری پڕۆژەیاساکانیان لێکرا لەبارەی لەباربردنی منداڵ.
دۆناڵد ترەمپ گوتی، دژی لەباربردنی منداڵم لە تەمەنی هەشت مانگیدا و نابێت رێگە بە کوشتنی منداڵێکی تەواو پێگەیشتوو بدرێت.
تەنانەت ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە هەندێک دۆخی تایبەت، نابێت منداڵ لەبارببردرێت و بە ئارەزووی دایکەکە بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت.
بەربژێرەکەی کۆمارییەکان دەڵێت: ''ئێمە ئەو شتە دەکەین هەمووان دەیانەوێت، چونکە 52 ساڵە بابەتی لەباربردنی منداڵ وڵاتەکەمانی دابەشکردووە و نامانەوێت ئەوە بمێنێت، هەر بۆیە ئێستا هەر ویلایەتێک ئازادە لەوەی کە خۆی یاسای لەباربردنی منداڵ دابنێت''.
کامالا هاریس گوتی، قەدەخەکردنی لەباربردنی منداڵ رێگری لە دەستدرێژیی سێکسی ناگرێت، بەجۆرێک کەسێک کە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر، ناتوانێت بڕیاری ئازاد لەسەر جەستەی خۆی بدات و دەبێتە قوربانی.
هاوکات کامالا هاریس جەخت لەوەدەکاتەوە، خانمان ئازادن کە چ بڕیارێک لەسەر جەستەی خۆیان بدەن و هەمووانیش ئەوەیان دەوێت.
بەربژێرەکەی دیمۆکراتەکان دەڵێت: ئەگەر منداڵێکی تەمەن 12 بۆ 13 ساڵان منداڵێکی لەبارچووی لەنێو سکدا بێت و نەتوانێت بەهۆی یاساکانی ترەمپەوە منداڵەکەی دەربهێندرێت، ئەوا تووشی خوێنبەربوون دەبێت و ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە، چونکە لە هەر شوێنێک قەدەخەی لەباربردن هەبێت، ئەوا نابێت هیچ نۆرینگە و پزیشکێک بۆ ئەو مەبەستە هەبێت.