لە دهۆک تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون چیرۆکی تووشبوونی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە

رووداو - تەندروستی 

دەچینە ماڵی ئەو تووشبووانەی تای خوێنبەربوون کە تەندروستیی دهۆک رۆژی سێشەممە 10ـی ئەیلوول پشڕاستی کردنەوە، ئەو نەخۆشە تەمەنی 30 ساڵانە و دەڵێت: بەرکەوتنم لەگەڵ ئاژەڵدا هەبوو و نیشانە سەرەتاییەکانم تا و لەرز بوو.
 
تووشبووەکە بە رووداوی گوت، ''پێش سێ رۆژ بەرکەوتەم لەگەڵ ئاژەڵدا هەبووە و سەرەتای نیشانەکانیشم بە لەرز و تا دەستیپێکرد، راستەوخۆ چووینە ئاکرێ و بارودۆخم خراپ بوو، بەڵام ئێستا دۆخی تەندروستیم باشە و دایک و خوشکیشم هەر لە منەوە تووشی نەخۆشییەکە بوون''.
 
ئەم سێ تووشبووەی کە تەندروستیی دهۆک پشتڕاستی کردنەوە 15 رۆژ لە نەخۆشخانە بوون و پشکنینەکانیان بۆ بەغدا نێردرابوون، هەر لەوێش پشتڕاستکرانەوە.
 
بەپێی تەندروستیی دهۆک، لەمساڵدا شەش تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون کە هەر شەشیان لە سنووری ئاکرێ و بەردەڕەش بوون.
 
هاوکات برای تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون بە رووداوی گوت، ''کە براکەم وایلێهات گوتم با بچینە لای دکتۆر کە ئەوکاتە تەنیا تا و لەرزی هەبوو، بۆیە چووینە ئاکرێ و دەرزییەکیان لێدا، بەڵام دۆخی تەندروستیی براکەم هەر خراپتر دەبوو، هەروەها ئەنجامی پشکنینەکانی خوێنمەیینیشی بەرزبوون''.
 
ڤێتێرنەریی بەردەڕەش بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ ڤێتێرنەریی دهۆک سێ جار رشاندنیان بۆ چواردەوری ماڵی تووشبووەکان کردووە و چەند گوندێکی دیکەش بەهەمان شێوەی دەڕشێنن.