پزیشکێک هەوڵدەدات ئەزموونی چارەسەری ئۆتیزم لە بەریتانیاوە بهێنێتە هەرێمی کوردستان

11-08-2023
د. بەمۆ نامیق، پزیشک
د. بەمۆ نامیق، پزیشک
نیشانەکردن دیاسپۆرا ئۆتیزم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەفتەیەکە رووداو رووماڵێکی تایبەتی بۆ تووشبووانی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە. هۆشیارییەکی فراوان و کاردانەوەی زۆریش لەسەر چیرۆکەکانی نێو رووماڵەکە هەبوون. 
 
پزیشکێکی کورد لە سلێمانییەوە لەبەر کوڕەکەی کە ئۆتیزمی تێدا دەستنیشانکراوە، چووەتە لەندەن. ئەو پزیشکە دیاسپۆرانشینە هەرچەندە ئۆتیزم هەڵوەدای کردووە، بەڵام ئێستا دەیەوێت ئەوەی لە بەریتانیا بینیویەتی و دەیبینێت، بیباتەوە بۆ ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانن و وەکو ئەو توانای ئەوەیان نەبووە بۆ پشتیوانی و مەشق منداڵەکانیان ببەنە دەرەوەی وڵات.
 
د. بەمۆ نامیق بە سەردان لە بەریتانیاوە گەڕاوەتەوە سلێمانی و میوانی دیاسپۆرا بوو، رایگەیاند، زۆر هەوڵیدا چارەسەرێکی باش بۆ ئۆتیزمی کوڕەکەی لە هەرێمی کوردستان بدۆزێتەوە، بەڵام نەیدۆزییەوە، بۆیە بە ناچاری رووی لە بەریتانیا کرد و لەوێ توانیویەتی ئاستی ئۆتیزمی کوڕەکەی کەمبکاتەوە.
 
د. بەمۆ نامیق گوتی، "بەڕای من بەریتانیا باشترین شوێنە بۆ چارەسەری ئۆتیزم، نەک بە حەب و دەرمان، بەڵکو ئاستەکەی کەمبکرێتەوە و بتوانێت وەکو مرۆڤێکی تائەندازەیەک ئاسایی بژیت. لە بەریتانیا منداڵی ئۆتیزم مافی هەیە لە قوتابخانە بخوێنێت، هیچ قوتابخانەیەک بۆی نییە منداڵی ئۆتیزم وەرنەگرێت و کەسێک دابین دەکرێت بۆ چاودێرییان و لە شوێنە فەرمییەکان قردێلەیەک لە ملی منداڵەکە دەکرێت و رێزی زۆریان لێدەگیرێت".
 
ئەو پزیشکە لەبارەی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لە بەریتانیا دەڵێت، "وەکو هەرێمی کوردستان نییە کە تەنیا پزیشکێک بڕیار لەسەر ئۆتیزمبوونی منداڵێک بدات، بەڵکو لیژنەی پزیشکی پشکنین دەکات کە منداڵێک ئۆتیزمی هەیە یان نا، جگە لەوەی ئاستەکەشی دیاریدەکات و هەموو ئەو رێوشوێنانەی پێویستن دەگیرێنەبەر بۆ کەمکردنەوەی ئاستی ئۆتیزمەکە، هەروەها ساڵانە 32 ملیار پاوەند بۆ کەمکردنەوەی ئۆتیزم خەرج دەکات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە