لە بەریتانیا هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆکە رەشە دەدرێت

11-05-2024
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

بەرپرسانی تەندروستیی بەریتانیا هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆکە رەشە دەدەن بە تایبەت لەنێو منداڵاندا و داوا لە خانمانی دووگیان، دایک و باوکی منداڵی کۆرپە دەکەن خۆیان بکوتن. 
 
بەرپرسانی تەندروستیی بەریتانیا دەڵێن، ئەمساڵ بەهۆی کۆکە رەشەوە پێنج منداڵ گیانیان لەدەستداوە. بۆ پاراستنی منداڵانیش لەو نەخۆشییە، داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت کە خۆیان بکوتن بە ڤاکسینی دژ بە نەخۆشییەکە بەتایبەت خانمانی دووگیان و دایک و باوکی منداڵی تازەلەدایکبوو.
 
بە گوێرەی ئاژانسی تەندروستیی بەریتانیا، ئەمساڵ دوو هەزار و 800 کەس تووشی کۆکە رەشە بوون کە ئەمە سێ ئەوەندەی پارە. نیوەی ئەوانەی تووش بوون تەمەنیان خوار 15 ساڵە؛ لەوانیش زۆرترینیان تەمەنیان خوار سێ مانگە. 
 
بە گوێرەی میشێل هێد، لێکۆڵینڤان لە بەشی چاودێریی تەندروستیی جیهانیی سەر بە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کۆکە رەشە دەکرێت کاریگەرییەکی زۆر کە ماوەکەی لە دوو بۆ سێ هەفتەبێت بخاتە سەر کەسی توشبوو. دەشڵێت، باشترین رێگە کوتانە. 
 
کۆکە رەشە نەخۆشییەکی بەکتریاییە و هۆکارەکەی جۆرە بەکتریایەکە بەناوی بۆردەتێلا پێرتوسیس؛ ئەم نەخۆشیە لە لیستی ئەو نەخۆشیانە دادەندرێت کە بە ئاسانی لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگوازرێتەوە. 
 
بە گوێرەی ئاژانسی خۆپارێزی و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکانی ئەمریکا، ساڵانە ملیۆن و 100 هەزار کەیسی تووشبوون بە کۆکە رەشە لە جیهاندا تۆماردەکرێن و بەهۆیەوە 160 هەزار و 700 منداڵیش کە تەمەنیان خوار پێنج ساڵە گیانلەدەستدەدەن.
 
بەپێی CDC، نیشانەکانی نەخۆشییەکە بریتین لە 'کۆکەی خنکێنەر، دەردراوی لووت، پژمین، کۆکەی بەردەوام، رشانەوە لەدوای کۆکین و تای مامناوەند'.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە