دۆخی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی کۆمەڵەی پزیشکیی دەروونی تاوتوێکرا
رووداو – تەندروستی
کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی کۆمەڵەی پزیشکیی دەروونی لە هەولێر بەڕێوەچوو و ئامانجی سەرەکیشی تاوتوێکردنی دۆخی دەرووندروستی و خزمەتگوزارییە دەروونییەکان لە هەرێمی کوردستان بوو.
رۆژانی 9 و 10ـی ئاداری 2023 بە بەشداریی چەندین پسپۆڕ و پزیشکی دەروونیی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، یەکەمین کۆنفرانسی کۆمەڵەی پزیشکیی دەروونی بەڕێوەچوو، لە پانێڵێکدا دۆخ و ژمارەی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا.
دکتۆر سیروان کامیل عەلی، پسپۆڕی دەروونی لە پانێڵەکەدا چەند ئامارێکی لەبارەی ژمارە و دۆخی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو و گوتی، لە دوایین راپۆرتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانییدا هاتووە کە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 10 هەزار ئالوودەبوو هەیە.
هەروەها دکتۆر سیروان لە پانێڵەکەدا گوتی، راپۆرتەکانی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوان و دەرمان UNODC دەریدەخەن، کریستاڵ زۆرترین بەکارهێنەری لە عێراقدا هەیە و بە هۆکارێک بۆ زۆربوونی ژمارەی تاوان دانراوە.
دکتۆر سیروان دەشڵێت: ''پێویستە کار لەسەر ئەوە بکرێت کە پسپۆڕێکی دەروونی بەئەزموون لەنێو ئەنجوومەنی رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان هەبێت"، باس لەوەش دەکات کە چەند کێشەیەک دووچاری چارەسەرکردنی ئالوودەبووان دەبێتەوە وەکو 'نەبوونی نەخۆشخانەی تایبەت، کەمیی ژمارەی پزیشک و پسپۆڕی دەروونی، کەمیی ستراتیژی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی لەبارەی ئالوودەبوون و رێگەکانی پێشگیریکردن'، هاوکات ئەوەش باسدەکات کە پێویستە رێنوێنییەکانی چارەسەرکردنی تووشبووان لە ناوەندە تەندروستییەکاندا بایەخی پێبدرێت.
لە نێو پانێڵەکەدا ئامارەکانی چارەسەرکردنی ئالوودەبووان خرانەڕوو و ئاماژە بەوە کرا کە ساڵانی 2021 و 2022 تەنیا 42 نەخۆش بۆ ماوەی نزیکەی شەش رۆژ لە نەخۆشخانەکان چارەسەریان وەرگرتووە و خەوێندراون، بەڵام پسپۆڕانی دەروونی ماوەکە بە کەم دەزانن و پێشنیاز دەکەن ماوەی چارەسەرکردنی تووشبووان زیادبکرێت.
لە بەشێکی پانێڵەکەدا ئەرکان بیبانی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە هەولێر رایگەیاند، 1994 کەس لە ساڵی 2021 بەهۆی مادە هۆشبەرەکانەوە دەستگیرکراون، بەڵام ژمارەکە لە 2022 بۆ 2103 کەس بەرزبووەتەوە.
ئەرکان بیبانی پێشنیازی کرد، هۆشیارکردنەوەی زیاتر لە بارەی هەڕەشەی مادە هۆشبەرەکان بە هاووڵاتییان بدرێت، تەنانەت بە باشی دەزانێت لە پرۆسەی خوێندندا باس لە بابەتەکە بکرێت و رێگەکانی پێشگیریکردن بۆ قوتابیان روونبکرێنەوە.
نوێنەرەکەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی، ''هیچ سکاڵایەکی یاسایی بەرامبەر ئەوانە تۆمار ناکرێت کە بەرکاهێنەری مادەی هۆشبەرن و دەیانەوێت چارەسەر وەربگرن''، هەروەها دەشڵێت: لەبەر ئەوەی کەسی تووشبوو بە رەزامەندی خۆی دەچێت بۆ ناوەندەکانی وەرگرتنی چارەسەر، ئەوا هیچ سکاڵایەکی لەسەر تۆمارناکرێت، بە مەرجێک بەردەوام بێت لە چارەسەرییەکان تاوەکو چاکدەبێتەوە.
دکتۆر عیماد عەبدولڕەزاق، راوێژکاری نیشتمانیی دەرووندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق باسی لە ئامارەکانی ئالوودەبووانی مادە هۆشبەرەکانی لە عێراقدا کرد و رایگەیاند، ساڵی رابردوو 6385 بەکارهێنەر تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش 2123ـیان لە بەغدا بوون.
دکتۆر رێبوار غەریب، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان لە کۆنفرانسەکەدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیاتر لە 100 پسپۆڕ و پزیشکی دەروونی بەشداری کۆنفرانسەکەیان کردووە و ئامانجی سەرەکیش تاوتوێکردنی رووبەڕووبوونەوەی کێشە دەروونییەکان و بەرەوپێشچوونی خزمەتگوزارییە پزیشکییە دەروونییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان.
هاوکات 25 پانێڵیستی بیانی و نێودەوڵەتی بەشداربوون و دوایین نوێکاریی رێنوێنییە جیهانییەکانیان پێشکێش بە ئامادەبووان کرد؛ بەدرێژایی هەردوو رۆژەکەش بابەتەکانی 'ئالوودەبوون، هۆکار و شێوازەکانی چارەسەریی تووندوتیژی و دەرخستنی رێوشوێنە نازانستییەکان بەرامبەر ئەوانەی پێویستیان بە خزمەتگوزاریی دەروونییە' تاوتوێکران، تەنانەنت چەندین بابەتی دەروونی منداڵان و مێردمنداڵانیش باسکران.