دوای شکاندنی مانگرتن، چۆن دەستبکرێتەوە بە خواردن؟

رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی کلینیکیی خۆراکی رایدەگەیێنێت، دوور نییە یەکەم ژەمی خواردنی دوای مانگرتنێکی درێژ ببێتەهۆی گیانلەدەستدان.
د. سەلمان جاف، پسپۆڕی کلینیکی خۆراک دەڵێت، دەستکردنەوە بە خواردن دوای ماوەیەکی درێژ پێی دەگوترێت، ''ناساندنەوە'' یان ''ئاشناکردنەوەی جەستە بە خواردن'' و ئەگەر لەژێر راوێژی پزیشکدا نەبێت ئەوا دەکرێت مەترسیی جیدی لەسەر تەندروستیی کەسەکە بکات.
د. سەلمان جاف پێشنیازدەکات بەم شێوەیە دەستبکرێتەوە بە خواردن؛
قۆناخی یەکەم؛ رۆژی یەکەم و دووەم باشترە تەنیا ئاو و خوێیەکی کەم لە گەڵ بڕێکی کەم لە شەربەت وەربگیرێت، لەگەڵ مەڵتی ڤیتامین و ڤیتامین B و گیراوەی ئەلیکترۆلایتەکان.
قۆناخی دووەم {رۆژی دووەم تاوەکو حەوتەمی دوای شکاندنی مانگرتن}؛ پێویستە بەپێی کێشی جەستەی کەسەکە، دەستبکرێتەوە بە خواردن، تەنیا سێ یەکی پێویستیی رۆژانەی وەربگرێت و دەکرێت سوود لە تەواوکەری خۆراکی و پڕۆتین وەربگیرێت. پاشانیش شلەمەنییەکان و سووپ بخواتەوە.
قۆناخی سێیەم {دوای رۆژی حەوتەمی شکاندنی مانگرتنەکە}؛ دەست دەکرێت بە خواردنی ئاسایی بە لە بەرچاوگرتی بارودۆخی کەسەکە و فەرمانەکانی کۆئەندامی هەرسی، سوود لە سەرچاوەی پڕۆتینی وەربگیرێت و بە بەردەوامی کەسەکە لەژێر چاودێریی دۆخی ڤیتامین و کانزا و ئەلیکترۆلیتەکان بێت.