رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە شاندێکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری تەندروستی سەردانی بەغدا بکات. راوێژکارێکی وەزارەتەکەش دەڵێت: "یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانمان کە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین بیمەی تەندروستی دەبێت."
عێراق سندووقی بیمەی تەندروستی راگەیاند و سەرەتا 300 هەزار فەرمانبەر دەگرێتەوە کە 1٪ی مووچەکانیان بۆ بیمەی تەندروستی دەبڕدرێت و ئەو بڕیارە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
رۆژی شەممە 11-2-2023، د. عەبدوڵڵا سەعید، راوێژکار لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەبێت هەموو فەرمانبەرێک 1٪ی مووچەکەی ببردڕێت بۆ بیمە، لەکاتێکدا مووچەی کوردستان لەگەڵ مووچەی عێراق وەک یەک نییە و هەروەها بەغدا دەسەڵاتی ئەوەی نییە مووچەی 1٪ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ سندووقی بیمەی تەندروستی ببڕێت."
بە گوتەی د. عەبدوڵڵا سەعید، بڕیارە شاندێکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری تەندروستی سەردانی بەغدا بکات، بۆ ئەوەی لەبارەی بیمەی تەندروستی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق گفتوگۆ بکەن، دواتر وردەکارییەکەی بڵاودەکرێتەوە کە ئەو سندووقە چۆن هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئەو راوێژکارەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "بۆ خۆمان لە وەزارەت سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسایەکین لەبارەی بیمەی تەندروستی کە نزیکە لەوەی بەغدا، بەڵام تایبەتمەندی خۆی هەیە و پڕۆژەکە ئێستا لە وەزارەت کاری لەسەر دەکەین."
د. عەبدوڵڵا سەعید دەڵێت، ئەمساڵ وەک دەستپێک سندووقی بیمەی تەندروستی 300 هەزار کەس دەگرێتەوە، وەکو قۆناخی یەکەم لە بەغداوە دەستپێدەکات.
رۆژی دووشەممە 02-01-2023، دکتۆر ئیهاب عەبدولکەریم خەلەف، گوتەبێژی دەستەی بیمەی تەندروستیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، بە مەبەستی "بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستیی عێراق و کەمکردنەوەی خەرجیی هاووڵاتییان"، بیمەی تەندروستی رادەگەیێنن، لەبەر ئەوەی 60% تاوەکو 70%ی خەرجییە تەندروستییەکان هاووڵاتییان خۆیان دەیدەن.
لەبارەی وردەکارییەکانی پرۆژەکە، دکتۆر ئیهاب عەبدولکەریم خەلەف گوتی، پرۆژەکە هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، کە لە رێگەی فۆرمێکی ئەلیکترۆنیی ئۆنلاینەوە دەبێت.
لەبارەی پاڵپشتیی دارایی و سەرچاوەی دارایی پرۆژەکە، دکتۆر ئیهاب عەبدولکەریم دەڵێت، "پرۆژەکە لە چەند رێگەیەکەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت و پارەدار دەکرێت، لەوانە: حکومەتی عێراق سەرچاوەی سەرەکیی خەرجکردنی پاڵپشتیی داراییە بۆ پڕۆژەی بیمەی تەندروستی و پاشان چەند سەرچاوەیەکی دیکەی (وەرگرتنی 1%ی مووچەی فەرمانبەران، ئەو باجەی لە کارگەکان وەردەگیرێت و باجی سەر بازرگانان و باجی هاوردەکردنی خواردنەوە کحولییەکان)، هەروەک لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2023 بودجەیەکی باشی بۆ تەرخانکراوە بۆ کەرتی تەندروستی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ