رووداو دیجیتاڵ
بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە ئیدارەی بایدن، حکومەتی ئەمریکا بەنیازە رێژەی نیکۆتین لە جگەرەدا کەم بکاتەوە و سنوورێکی بۆ دابنێت. چاوەڕوان دەکرێت پێشنیازەکە رۆژی دووشەممە رابگەیێندرێت.
دکتۆر رۆز ماری رۆبەرتسۆن، پسپۆڕی زانستی و پزیشکی لە کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا دەڵێت: "ئەم هەنگاوە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر تەندروستی گشتی دەبێت."
بڕیارەکە بەو شێوەیەیە کە تا 95٪ی رێژەی نیکۆتین کەم دەکرێتەوە بۆ کەمکردنەوەی خاسیەتی ئالوودەبوون و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2060 نزیکەی 16 ملیۆن کەس کەمتر تووشی جگەرەکێشان ببن. بەڵام ئەم بڕیارە جگەرەی ئەلیکترۆنی و پێداویستییەکانی جێگرەوەی نیکۆتین ناگرێتەوە.
دکتۆر رۆز ماری، جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرەڕای ئەوەی ماددە ژەهراوییەکانی ناو توتن هۆکاری نەخۆشی و گیانلەدەستدانن، بەڵام نیکۆتین سەرەکیترین هۆکارە بۆ ئالوودەبوون و بەردەوامبوون لەسەر جگەرەکێشان.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان (CDC)لە ئەمریکا، جگەرەکێشان ساڵانە دەبێتە هۆی مردنی زیاتر لە 480 هەزار کەس لە ئەمریکا.
ئەوەش ئاشکرا کراوە کە زۆربەی جگەرەکێشەکان لە تەمەنی هەرزەکارییەوە دەستیان پێکردووە، بۆیە کەمکردنەوەی رێژەی نیکۆتین دەبێتە هۆی رزگارکردنی ژیانی ملیۆنان کەس لە داهاتوودا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ