تەندروستیی گشتیی ژاپۆن: خۆراکی تەندروست هۆکارێکە بۆ تەمەندرێژیی ژاپۆنییەکان

رووداو - تەندروستی

بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ماوەی ژیانی خەڵکی ژاپۆن لە ساڵانی نێوان 2015 بۆ 2020 لەنێوان تەمەنی 81 بۆ 87 ساڵیدا بوو، بەڵام لە وڵاتێکی وەکو ئەمریکا لەنێوان 76 بۆ 80 ساڵی بوو، ناوەندی تەندروستیی گشتیی ژاپۆن رایدەگەیێنێت، خۆراکیی تەندروست هۆکارێکی سەرەکیی تەمەندرێژیی ژاپۆنییەکانە.
 
رێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، خەڵکی ژاپۆن بڕێکی کەم 'گۆشت، شەکر، بەرهەم شیرەمەنییەکان و پەتاتە' دەخۆن، هاوکات گرنگی زیاتر بە 'خۆراکە دەریاییەکان، برنج، فاسۆلیا و چای سەوز' دەدەن.
 
توێژینەوەیەکی زانکۆی سوکوبا لە ژاپۆن دەریدەخات، ژاپۆنییەکان گرنگیی بە چەورییە ناتێرەکان دەدەن و بڕێکی زۆر کەم لە چەورییە تێرەکانی وەکو گۆشت دەخۆن کە سەرچاوەی سەرەکیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵە، هەروەها کازوماسا یاماگیشی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: گرنگیدان بە خواردنی ماسی و کەمکردنەوەی گۆشت هۆکارێکی نزمبوونەوەی تووشبووانی نەخۆشیی دڵە لە وڵاتەکە.
 
بەگوێرەی پەیمانگەی شێرپەنجەی نیشتمانیی، پاقلەی سۆیا و فاسۆلیا جەستە لە خانە شێرپەنجەییەکان دەپارێزن بەتایبەت شێرپەنجەی 'پڕۆستات و مەمک'، بەمەش مەترسیی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە شێرپەنجە لەو وڵاتە کەمبووەتەوە، بەجۆرێک ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی شێرپەنجە، ژاپۆن بە پێشەنگی ئەو وڵاتانە دادەنێت کە تووشبووانی شێرپەنجە زۆرترین ماوەی مانەوەیان لەژیاندا هەیە.
 
لە توێژینەوەیەکی دەزگای نیشتمانیی خۆراک و تەندروستی لە ئەمریکا، کەمکردنەوەی خوێ و گرنگیدان بە خواردنی خۆراکە دەریاییەکان، دانەوێڵە و گەڵا سەوزەکان بە سەرچاوەی گرنگ بۆ تەمەندرێژی دەزانێت. 
 
هەروەها دەزگاکە دەریدەخات، خەڵکی ژاپۆن گرنگی بەو بەرهەمانەی کە کالسیۆمیان تێدایە نادەن، بەجۆرێک بەرهەمە شیرەمەنییەکان بڕێکی کەم لە خۆراکی رۆژانەیان پێکدەهێنێت. 
 
دکتۆر سیرۆ هۆریچوو لە توێژینەوەیەکی ساڵی 2015دا کاریگەریی لایەنی دەروونی لەسەر تەمەندرێژیی ژاپۆنییەکان دەردەخات و دەڵێت: ''یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، خۆشگوزەرانی دەروونی و تێڕوانینی ئەرێنی بۆ ژیان هۆکارن بۆ تەمەندرێژیی ژاپۆنییەکان.''
 
توێژینەوەیەکی هاوبەشی زانکۆی هاوای لە ئەمریکا و زانکۆی ئۆکیناوا لە ژاپۆن دەریخستووە، بۆهێڵی APOE کە کاریگەریی لەسەر تەمەندرێژی هەیە، لەزۆربەی دانیشتووانی ئۆکیناوا هەبووە، هاوکات بۆهێڵەکە رێکخەری چەوری و پڕۆتینەکانی جەستەیە.