لە هەولێر کۆنفرانسی پزیشكانی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ

لە هەولێر کۆنفرانسی کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ بەرێوەدەچێت کە تێیدا، نوێترین زانیارییەکان لەبواری نەخۆشیی و نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە و کۆئەندامی میزەڕۆ باسدەکرێن.
 
د. ئەکرەم محمد، سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشكانی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ دەڵێت، ئەمساڵ بۆ جاری دووەم کۆنفرانسەکەیان بەڕێوەدەچێت، پزیشکانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەشدارن، لەماوەی سێ رۆژدا نوێترین توێژینەوە و مژارەکانی بواری نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ گەنگەشەدەکرێن.
 
سەبارەت بە باسکردنی نوێترین توێژینەوە، سەرۆکی کۆمەڵەکە دەڵێت: ''بەدرێژایی کۆنفرانسەکە جەخت لە توێژینەوەی ئەو بوارانە دەکەینەوە کە بۆ بەشی گورچیلە و میزەرۆ تازەن وەکو چاندنی گورچیلە، لابردنی بەردی گورچیلە بە ئامێری نەرم هەروەها تەکنیکی چاندنی ئامێر بۆ لاوازی سێکسی.''   
 
د. خالید گەردی، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە، میزەڕۆ و نەزۆکی، کە یەکێکە لە ئەندامانی کۆمەڵەکە و بەشداربوویەکی کۆنفرانسەکەیە دەڵێت ئەم کۆنفرانسە زانستییانە رۆڵیان دەبێت لە بەرەوپێشچوونی توانا زانستی و کردارییەکانی پزیشكان لەبوارە و خزمەتگوزارییەکانی بوارەکە بۆ نەخۆشان بەرەوپێشتر دەچن.
 
پسپۆڕەکەی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسانە بە گرنگ دەزانێت بۆ بەرەوپێشچوونی کەرتی تەندروستیی و ئاستی زانستیی پزیشکانی نێوخۆیی، هاوکات سەبارەت بە ئاستی بەرەوپێشچوونی پێشکەوتنە پزیشکییەکان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''خۆشبەختانە ئێستا زۆرینەی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە و میزەرۆ لە نەخۆشخانەکانی کوردستان و تەنانەت لە نەخۆشخانە حکومییەکانیش ئەنجامدەدرێن، دەشڵێت ئەو تەکنیکانەی لە وڵاتانی پێشکەوتوودا هەن لە کوردستانیش بەردەستن.''
 
دکتۆر خالید گەردی راشیگەیاند پێشکەوتنە پزیشکییەکانی بواری نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ لە هەردوو کەرتی حکومی و تایبەت بەردەستن و پزیشکان دەتوانن بەکاریانبهێنن''.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا دکتۆر خالید باسی گرنگی ئەنجامدانی ئەمجۆرە کۆنفرانسانە دەکات و دەڵێت: '' لەڕێگەی ئەم کۆنفرانس و کۆبوونەوانە، پزیشکانمان ئاگاداری هەموو گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکانی جیهان دەبن؛ سەرەنجام لەڕووی چارەسەرکردن و دەستنیشانکردنی کێشە تەندروستییەکانیان دەتوانن لەخزمەت نەخۆشەکان بەکاریبهێنن".