پسپۆڕێک: بەکارهێنانی هۆرمۆنەکان بۆ لەشجوانی هۆکارێکی نەزۆکییە

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ ئاشکرای دەکات، کاریگەریی درێژخایەنی دەرزییەکانی هۆرمۆنەکان بۆ لەشجوانی دەشێت نەزۆکبوون و لاوازیی سێکسی بن بەتایبەت لە پیاواندا.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-10-2024 د. نەشوان محەممەد، راوێژکاری نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ لە دهۆکەوە بە رووداوی راگەیاند، یاریزانان دەیانەوێت بە کاتێکی کەم ماسوولکەکانیان بەهێز و گەورە ببن، بۆیە پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی هۆرمۆنەکان.
 
رووداو چیرۆکی قوربانییەکی بەکارهێنانی دەرزیی هۆرمۆنەکان بۆ لەشجوانی ئاشکرادەکات {کلیک لێرە بکە بۆ بینینی}.
 
بەشێکی زۆری ئەو دەرزییانەی هۆرمۆن کە بەکاردەهێندرێن بۆ لەشجوانی، هۆرمۆنی تێستۆستیڕۆنە، هەر بۆیە د. نەشوان محەممەد روونی دەکاتەوە، بەشێوەیەکی ئاسایی جەستە ئەو هۆرمۆنە دروستدەکات، بەڵام کاتێک بە دەرزیی رێژەکەی زیاددەکرێت، رێژەی ئاسایی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەکە لەلایەن جەستەوە کەمدەبێتەوە.
 
هەر بۆیە گوتی، هۆکارێکن بۆ لاوازیی سێکسی و لە پیاواندا ئەگەری نەزۆکبوونیش زیاددەکەن.
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، چەندان حاڵەتی نەزۆکبوون هەبووە کە بەهۆی دەرمانەکانی هۆرمۆنەکانەوە تووشی کەسەکە بووە، رێنوێنیی یاریزانانیش دەکات، بەهیچ شێوەیەک بەکاری نەهێنن و ئەگەریش ویستیان بەکاری بهێنن، ئەوا لەڕێگەی کەسانی شارەزاوە بێت و لە شوێنی باوەڕپێکراوەوە بەکاربێت.
 
لە کۆتاییدا ئەو پسپۆڕە ئەوەشی باسکرد کە ئەو دەرزییە هۆگربوون و ئالوودەبوونی بەدواوەدێت.

لە بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس دا باسی کاریگەریی ئەو هۆرمۆنانە کراون کە بۆ لەشجوانی بەکاردەهێنرێت؛