رووداو - تەندروستی
نزیکەی 30 یاریزان لە دهۆک بوونەتە قوربانیی بەکارهێنانی هۆرمۆنەکان لە بواری لەشجوانی، پسپۆڕێک لەبارەی ئەو هۆرمۆنانەوە دەڵێت: ''دەبنەهۆی لاوازیی سێکسی و ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەش زیاددەکەن''.
یاریزانێکی لەشجوانی لە دهۆک شەش ساڵە دەرمان و دەرزیی هۆرمۆن بەکاردەهێنێت، رووداو قسەی لەگەڵ ئەو یاریزانە کردووە و دەڵێت: لە شەش قارەمانێتی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق پاڵەوان بووە، بەڵام ئێستا پەشیمانە، چونکە کاریگەرییە لاوەکییەکانی هۆرمۆنەکانی لەسەر دەرکەوتوون.
ئەو یاریزانە دەڵێت: ''شەش ساڵ هۆرمۆنم بەکارهێنا، بەڵام ئێستا گورچیلە و جگەرم پەکیان کەوتووە و هەوکردنی نێو خوێنم بەرزە''، هەروەها ئەوەش باسدەکات کە سەرەتا رازینەبووە هۆرمۆن بەکاربهێنێت، بەڵام بۆ یارییەکەی باش بووە و چەندین نازناوی بەدەستهێناوە.
هاوکات ئەوەشی ئاشکراکرد، بەهۆی بەکارهێنانی زیادلەپێویستی هۆرمۆنەکان، هاوسەنگیی تێکچووە و تووشی هەوکردنی خوێن بووە.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو لە دهۆک، بەشێک لە هۆرمۆنەکان بە قاچاخ دەهێندرێنە هەرێمی کوردستان و بە نایاسایی لە هۆڵەکانی لەشجوانی دەفرۆشرێن.
نیوار لەزگین، راهێنەرێکی لەشجوانییە و ئاماژە بەوەدەکات، زۆرێک لە یاریزانان پێویستیان پێی نییە، بەڵام بەکاری دەهێنن و زیانیان پێدەگەیێنێت.
بەپێی راهێنەران، دەبێت یاریزانان 10 بۆ 30 ئەوەندەی رێژەی ئاسایی هۆرمۆنی تێستۆستیڕۆنی جەستە هۆرمۆنەکە بەکاربهێنن تاوەکو کاریگەرییەکەی لەسەر ماسوولکەکان دەربکەوێت و کەسەکە ''لەشی جوان بێت''.
لەم بارەیەوە د. وەلید مستەفا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو ئەم کاریگەرییە مەترسیدارانەی ئەو هۆرمۆنانەن باسدەکات وەکو؛
- لاوازبوون و پەککەوتنی گورچیلەکان
- ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی گورچیلە زیاددەکەن
- گوشاری خوێن بەرزدەکەنەوە
- ماسوولکەی دڵ ئەستووردەکەن
- نەزۆکی
- لاوازیی سێکسی
- پەککەوتن و لاوازبوونی جگەر
- لاوازبوونی جەستە لە فڕێدانی ژەهرەکان
بازرگانێکی هۆرمۆنەکان قسەی بۆ رووداو کردووە و دەڵێت: ''لەڕێگەی پەیجە ئۆنلاینەکانەوە زۆرێک لەو دەرمانانە دەفرۆشرێن و لەڕێگەی کەسی نزیک و ناسیاوەوە بەسەر کڕیاران دابەشدەکرێن''.
تەنانەت ئەوەش باسدەکات کە نرخەکانیشیان لە 40 دۆلار تاوەکو 200 دۆلارن.
بەدواداچوونی رووداوی بەردەوام دەبێت و هونەر رەشید دەچێتە لای لیژنەی بەدواداچوون بۆ هۆرمۆنەکان و کاوار رەشید، ئەندامی ئەو لیژنەیە قسەدەکات: ''زۆر بەرهەمی هۆرمۆنمان لەنێو بردوون و هیچ بنەمایەکی تەندروستییان نییە، تائێستا زیاتر لە 250 دەرزیی هۆرمۆنمان لەنێوبردووە''.
کاوار رەشید پشتڕاستی دەکاتەوە، لەلایەن کەسانی نادیار و سەرچاوەی باوەڕپێنەکراو ئەو هۆرمۆنانە دەکڕدرێن و زۆرینەیان قاچاخن.
عەلی حوسێنیش کە سەرۆکی یەکێتیی لەشجوانییە لە دهۆک گوتی، هەر کارێکی نایاسایی لەنێو هۆڵەکانی لەشجوانی بکرێت، ئەو هۆڵە سزادەدەن و تائێستا 10 هۆڵ سزادراون، تەنانەت ئەوەش باسدەکات کە ئەو هۆرمۆنانە نابێت لە هۆڵەکان بکڕدرێن.
هەر لەبارەی زیانەکانی ئەو هۆرمۆنانەوە ئەم بابەتەش ببینە؛
هەر لەبارەی زیانەکانی ئەو هۆرمۆنانەوە ئەم بابەتەش ببینە؛
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ