رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە مژارێکی گەرمی بەربژێر و لایەنەکانی هەڵبژاردنە
رووداو - تەندروستی
بایەخدان بە کەرتی تەندروستی مژاری بانگەشەی لەلایەنەکانە، هاوژینی تووشبوویەکی شێرپەنجە دەڵێت، ناچارین بە قەرز دەرمان بۆ نەخۆشەکەمان بکڕین؛ ئەم کێشەی کەمیی دەرمانە یەکێکە لە مژارە سەرەکییەکانی بەربژێر و لایەنەکانی ئەم هەڵبژاردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.
مەجید عەلی، تووشبووی شێرپەنجەیە و نزیکەی مانگێکە لە نەخۆشخانەی هیوایە، کرێکارە و تاکە کاسبکاری خێزانەکەیەتی، گرانیی دەرمان تەنگی پێ هەڵچنیوە، ئەوەی بە دەستیەوە ماوە خانوویەکە، هاوژینەکەی دەڵێت: ''رەنگە لە ناچاری بیفرۆشین''.
کەمی دەرمانە گرانبەهاکان و باڵەخانە دوو لە سەرەکیترین کێشەکانی نەخۆشخانەی هیوان، د. شاڵاو حەمەعەلی، سەرۆکی بەشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا گوتی، پێویستمان بە باڵەخانەیەکی گەورەترە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆش و لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە، پێویستە بینای نەخۆشخانەکەش گەورە بکرێت.
ساڵ لە دوای ساڵ رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکات، بەجۆرێک لەپارێزگای سلێمانی ساڵی 2023 بەراورد بە ساڵی 2024، رێژەکە 42٪ زیادیکردووە.
خاڵی هاوبەشی حیزبە سیاسییەکان بیمەی تەندروستی و گرنگیدانی زیاترە بە کەرتی گشتی، یەکێتی بە نموونە باس لەوە دەکات چیدیکە نەخۆش ناچار نەبێت روو لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بکەن، نەوەی نوێ داوای چارەسەری بێبەرامبەر دەکات.
پارتی دیموکراتی کوردستان بەڵێنی گرنگیدان بە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت دەدات، باسی نەخۆشیی درێژخایەن دەکات و دەڵێت، چارەسەری کێشەکانیان دەکەین.
دکتۆر زرنگ کەمال، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت، پلانیان وایە کە زیاتر گرنگی بە نەخۆشخانەکان و چارەسەرکردنی کەمیی دەرمان بدەن.
دکتۆر محەممەد بەربژێری رەوتی هەڵوێستە و حەوت ساڵە بەڕێوەبەری هۆبەی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجەیە لە نەخۆشخانەی هیوا، پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە شێرپەنجە ئامادەکردووە کە تایبەتە بە کۆنتڕۆڵکردنی شێرپەنجە.
لە 16 ساڵی رابردوودا نزیکەی 47 هەزار تووشبووی شێرپەنجە لەنەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراون، کە 39٪ـیان لەپارێزگاکانی دیکەن.