پسپۆڕێکی خۆراک: بەداخەوە لە قوتابخانەکان زۆر خۆراکی ناتەندروست هەن

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی خۆراک رایدەگەیێنێت، دایک و باوکان بەرپرسی سەرەکین بۆ قەڵەوبوونی منداڵ و پێویستە بە تەواوی کۆنتڕۆڵی ژەمی خۆراک و جووڵەی منداڵەکە بکەن، لە بارەی خۆراکی قوتابخانەکانیش هۆشدارییەک باسدەکات.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2024 جیلوان محەممەد، پسپۆڕی خۆراک لە بەرنامەی نوورۆژدا گوتی، ئەو منداڵانەی لەڕووی دەروونییەوە نائاسوودەن و ژینگەیەکی لەباریان نییە، ئەگەری قەڵەوبوونیان زۆرە.
 
جیلوان محەممەد، پسپۆڕی خۆراک دەڵێت: ''دایک و باوکان بەرپرسن لە رێژیمی خۆراکی منداڵ لەوەی کە چ خۆراکێک دەخوات و شێوازی ژیانی چۆن بێت، بەڵام زۆرینەیان بایەخی پێنادەن''.
 
ئەو پسپۆڕە پێدانی ئەو دەرمانانەی ئارەزووی خواردن لای منداڵ زیاددەکەن بەبێ راوێژی پزیشک بە کارێکی هەڵە دادەنێت و دەڵێت: ''زۆرجار دایک و باوک بەبێ سنوور ئەو دەرمانانە دەدەن بە منداڵەکەیان و لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنی، قەڵەو دەبێت و زۆرخۆرییەکەی لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت''.
 
ئەو پسپۆڕەی خۆراک چەند هۆکارێک باسدەکات بۆ قەڵەوبوونی منداڵ وەکو؛
 
- خواردنی خۆراکە خێراکان
- خواردنی شیرینییەکان و پڕ لە کالۆرییەکان
- ناڕێكیی خەو
- گوشاری دەروونی و نائاسوودەیی دەروونی
- نەخۆشی و کێشە لە هۆرمۆنەکان
- کاریگەریی لاوەکیی هەندێک جۆری دەرمان
 
لەبارەی خۆراکی منداڵ لە قوتابخانەکان جیلوان محەممەد گوتی، ئەگەر دایک و باوکیش کۆنتڕۆڵی خۆراکی منداڵ بکەن، ناتوانن لە قوتابخانەکان ئەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت و ''بەداخەوە قوتابخانەکان {بە تایبەت حکومییەکان} زۆر خۆراکی ناتەندروست هەن و بە تێپەڕبوونی کات دەبنەهۆی قەڵەویی منداڵ''.
 
هەر بۆیە پێشنیاز بۆ دایک و باوکان دەکات کە سندووقی خۆراک بۆ منداڵەکانیان ئامادەبکەن و پێکهاتبێت لە 'شیر، سەوزە، میوە و خۆراکە پڕۆتییەنییەکان'.