کۆمەڵەی ئەورووپی بۆ تەندروستی: کەمخەوی چەورییە خراپەکانی خوێن بەرزدەکاتەوە

رووداو - تەندروستی

کۆمەڵەی ئەورووپی بۆ تەندروستی ئاشکرای دەکات، ئەوانەی خەویان باشە، رێژەی کۆلیستڕۆڵیشیان هاوسەنگە.
 
کۆمەڵەکە لە نوێترین رێنوێنیی دا دەریدەخات، ئەوانەی شەوانە حەوت بۆ نۆ کاژێر دەخەون، رێژەی کۆلیستڕۆڵی باشیان زیاترە بەراورد بەوانەی کەمتر لە حەوت کاژێر دەخەون.
 
تەنانەت ئاماژە بەوەشدەکات، کەمخەوی زیندەچالاکیی جەستە کەمدەکاتەوە، بەمەش چەوریی خراپ LDL و چەوریی سیانی TG بەرزدەبنەوە.
 
پڕۆفیسۆر ستوارت بلووم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو لە ئەمریکا دەڵێت: رێکخستنی کێشی جەستە رێگەی سەرەکییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەورییەکان، جگە لەوە خەوی رێک و وەرزشی رۆژانە هەبن.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەو پڕۆفیسۆرە گوتی، گوشاری دەروونی هۆیەکە بۆ تێکچوونی خەو و باشترە کۆنتڕۆڵبکرێت.
 
بەگوێرەی مایۆکلینیک شەش رێگە دەبنەهۆی باشترکردنی خەو:
 
1. پێویستە نیکۆتین و کافایین، ژەمی قورس پێش خەوتن نەخورێن.
2. ژوورێکی سارد، تاریک و بەکارنەهێنانی شاشە پێش خەوتن، کوالێتیی خەو باش دەکەن.
3. خەوتن لەماوەی رۆژدا کەمتر لە یەک کاژێر بێت.
4. رۆژانە وەرزش و جووڵەی بەردەوام هەبێت.
5. گوشار و دڵەڕاوکێ کەمبکرێنەوە.
6. کاتەکانی خەوتن و لەخەوهەستان دیاربێت.