شازادەی وێڵز چارەسەری کیمیایی تێپەڕاند

رووداو - تەندروستی 

شازادە کاسرین میدڵتن، ئەندامی خێزانی شاهانەی بەریتانیا و شازادەی وێلز رایدەگەیێنێت، چارەسەری کیمیایی شێرپەنجەکەی بە سەرکەوتوویی تەواو کرد. 
 
شازادەکە ئاماژە بەوەدەکات، هەرچەندە چارەسەری کیمیایی تەواوکردووە، بەڵام رێگەی چاکبوونەوەکەی هێشتا درێژە و بەردەوام دەبێت لە وەرگرتنی دەرمانەکانی، ئەگەر تەندروستییەکەی رێگە بدات هێواش هێواش دەگەڕێتەوە سەر ئەرکەکەی.
 
کەیت میدڵتن لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، "لەگەڵ کۆتایی هاتنی هاوین، ناتوانم پێتان بڵێم چ رزگاربوونێکە کە دواجار چارەسەری کیمیاییەکەم تەواو کردووە".
 
میدڵتن دەشڵێت، “نۆ مانگی رابردوو سەخت بوو بۆ ئێمە وەک خێزانێک، ژیان وەک دەزانن دەتوانێت لە چرکەیەکدا بگۆڕێت، هەموو ئەوانەی لەگەڵ شێرپەنجە دەجەنگن من لەگەڵتان دەمێنمەوە، شانبەشانی یەکتر و دەست لە دەست دەتوانین لە تاریکی بێینە دەرەوە و رووناکیی ژیانمان دووبارە بدرەوشێتەوە''.
 
کەیت میدڵتن تەمەن 42 ساڵ، هاوسەری شازادە ویلیام، میراتگری تەختە، لە مانگی یەکی ئەمساڵ نەشتەرگەرییەکی گەورەی سکی بۆ ئەنجامدرا و دەرکەوت تووشی شێرپەنجە بووە.