خشتەیەکی نوێی خۆراک بۆ فرۆشگەی قوتابخانەکانی سلێمانی دادەنرێت
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی بە هاوکاری تەندروستیی سلێمانی بڕیاری داوە خشتەیەکی نوێی خۆراکیی بۆ فرۆشگەی خوێندنگەکانی سنوورەکە دابنێت. پسپۆڕێکی تەندروستیی کۆمەڵیش دەڵێت، ئامادەکردن و پێدانی خۆراکی تەندروست بە قوتابیان رێگەیەکی کاریگەرە بۆ پاراستنی منداڵان لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
بەڕێوەبەرایەتییەکە بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی، رێکخراوی منداڵپارێزیی کوردستان و لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بڕیاریان دا بە گۆڕینی خشتەی خۆراکی فرۆشگەکانی خوێندنگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی کە هەردوو خوێندنگە حکومی و تایبەتەکان دەگرێتەوە.
نیعمان عەبدولڕەحمان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی رێکخراوی منداڵپارێزیی کوردستان رۆژی چوارشەممە 10-5-2023 بە رووداوی راگەیاند، هۆشیاری تەندروستی یەكێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی رێکخراوەکەیان و بایەخدان بە لایەنی تەندروستی بۆ منداڵان ئەرکی لەپێشینەیانە.
نیعمان عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەدا پەیڕەوکردنی بەتەندروست هێشتنەوەی خۆراکی منداڵان، لە فرۆشگەی خوێندنگەکانەوە دەستپێدەکات. داوا لە قوتابخانەکانیش دەکات کە لەکاتی گرێبەستدا جەخت لە پابەندبوونی خاوەنی خواردنگە بە سەرجەم رێنماییە تەندروستییەکان بکەن.
بەگوێرەی بڕیارەکە، بایەخ بە خۆراکە فرێشەکان دراوە، پسپۆڕێکی تەندروستیی کۆمەڵیش دەڵێت: خۆراکە فرێشەکان مادەی پارێزەریان تێدانییە بەمەش مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەکو شێرپەنجە و شەکرە کەمدەکەنەوە.
دکتۆر محەممەد عەبدولوەهاب، پسپۆڕی تەندروستیی کۆمەڵ و هۆبەی کۆنتڕۆڵکردنی شێرپەنجە گوتی: ''خۆراکی تەندروست بەشێکی سەرەکییە بۆ پێشگیری لە تووشبوون بە شێرپەنجە. هەروەها خۆراکی پڕ لە بەهای خۆراکی و تەندروست بۆ منداڵان رۆڵێکی کاریگەریی هەیە لە پاراستنی تەندروستییان، هەربۆیە لەم بڕیارە بایەخ بە خۆراکە فرێشەکان دراوە''.
بە گوێرەی بڕیارە نوێیەکە:
1- خۆراکی بەستوو قەدەخەیە.
2- هەڵگرتن و دووبارە بەکارهێنانەوەی فەلافل قەدەخەیە و دەبێت رۆژانە یەکجار بەکاربهێندرێت.
3- سینگی مریشک بکوڵێندرێت ئینجا وەکو لەفە بەکاربێت، هەروەها نابێت زەیتی زۆری تێبکرێت و قەدەخەیە ماجی بەکاربێت.
4- هەموو جۆرێکی میوەی وشککراوە دەبێت کات و شوێنی بەرهەمهێنانی لەسەر بنووسرێت و بۆ ئەوەی بزاندرێت کەی، چۆن و لەکوێ بەرهەمهێنراوە؟
5- دەبێت پسوولەی کڕینی هەموو جۆرە خۆراک و خواردنەوەکان لە فرۆشگەدا هەڵبواسرێن، بۆ ئەوەی بزاندرێت نرخەکانیان چەندە و چ جۆرێکن.
6- کارمەندەکانی فرۆشگەکان سەرجەم رێنماییە تەندروستییەکان وەکو 'بەکارهێنانی کڵاو و دەستکێش و هەبوونی کارتی تەندروستی' جێبەجێبکەن.
7- رێنمایی تایبەت بۆ باخچەی منداڵانی تەمەن چوار یاخود پێنج ساڵ دەردەکرێت.