حکومەتی بەریتانیا بڕیارێکی بۆ پزیشکانی دەرمانساز دەرکرد

11-05-2023
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی تەندروستی، حکومەتی بەریتانیا بڕیاریدا رێگە بە پزیشکانی دەرمانساز بدات، بەبێ گەڕانەوە بۆ راوێژی پزیشکانی پسپۆر، هەندێک جۆری دەرمان بۆ چارەخوازان بنووسن.
 
رۆژی سێشەممە 9-5-2023 حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، چارەخوازان بەبێ بینینی پزیشکی پسپۆڕ دەتوانن چەند جۆرە دەرمانێک بۆ هەندێک بارودۆخی تایبەت لە پزیشکانی دەرمانساز وەربگرن، دەرمانەکانیش بۆ 'هەوکردنی قوڕگ، لووت و گوێ، هەوکردنی میزەڕۆ و رێگری لە منداڵبوون' بەکاردێن. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەتی بەریتانیا، بڕیارەکەیان ماوەی نۆرەگرتن بۆ بینینی پزیشک کەمدەکاتەوە و دەیانەوێت چارەخوازان جگە لە پزیشکی پسپۆڕ و پەرستاران، لەلایەن پزیشکانی دەرمانسازیش دەرمانیان بۆ بنووسرێت. 
 
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی، ''گۆڕانکاری لە رێنماییەکانی فریاگوزاریی سەرەتایی یەکێکە لەو بەڵێنانەی حکومەت بۆ بنبڕکردنی درێژیی ماوەی نۆرەگرتنی نەخۆش دابووی.'' 
 
هەروەها بەرپرسانی وڵاتەکە هیوادارن، چیدیکە خانمان پێویستیان بە راوێژی پزیشک و پەرستاران نەبێت بۆ بەکارهێنانی دەنکۆڵەی رێگری لە منداڵبوون، هاوکات پێشبینی ئەوە دەکەن بەهۆی بڕیارەکەوە؛ ژمارەی ئەو کەسانەی بۆ پشکنینی پەستانی خوێن سەردانی دەرمانخانەکان دەکەن بۆ دوو هێندە زیادبکات.
 
ئاماندا پریتچارد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بەریتانیا NHS دەڵێت: ''بڕیارەکە ملیۆنان نۆرەی پزیشکی کەمدەکاتەوە و هاوکاری پزیشکان دەبێت بۆ ئەوەی کاتێکی زیاتر لەگەڵ نەخۆشەکانیان بمێننەوە و کاریگەرییەکانی قەیرانی تەندروستیی کەمببێتەوە.'' 
 
بڕیارەکانی چاکسازیی حکومەتی بەریتانیا لەبواری تەندروستی دوای ئەوەدێت، وڵاتەکە سەرەتای ئەمساڵ دووچاری قەیرانێکی مەترسیدار بوو لەڕووی کەمیی کارمەند و پێداویستییە تەندروستییەکان، بەجۆرێک بەگوێرەی کۆلێژی شاهانەی بەریتانیا: هەفتانە نزیکەی 500 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە