وردەکاریی نەخۆشییەکەی سێلینا گۆمێز ئاشکرادەکرێت

10-05-2023
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

سێلینا گۆمێز، کچە هونەرمەندی ئەمریکی وردەکاریی نەخۆشییەکەی ئاشکرادەکات و دەڵێت، ئامانجیەتی هان و یارمەتی تووشبووانی نەخۆشییەکەی بدات. 
 
ئەو کچە هونەرمەندە تەمەن 30 ساڵە تووشبووی نەخۆشیی ''گورگەسوورەیە'' کە نەخۆشییەکی بەرگریی دژە خۆییە و بە گوێرەی ناوەندی CDC بەرگرییە خانەکان هێرشدەکەنە سەر خانە بێ زیانەکانی جەستە، بەوەش چەندین نیشانە و کاریگەریی مەترسیدار دروستدەکەن. 
 
سێلینا گۆمێز بەهۆی پاشهاتی نەخۆشییەکەیەوە ساڵی 2017 نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەی بۆ کراوە و بەو هۆیەوە چەندین کاری هونەری جێبەجێ نەکردووە. 
 
دکتۆر ئەلیساندرۆ ئاوتی، پسپۆڕی بەرگریزانی لە ئیتاڵیا دەڵێت: ''نیشانەی نەخۆشییەکە لە تەمەنی 15 بۆ 44 ساڵی دەردەکەوێت و دەبێتەهۆی هەوکردن و ئازاری زۆری جەستە.''
 
بە گوتەی پسپۆڕەکە، تووشبووانی نەخۆشیی ''گورگەسوورە'' دەکرێت دووچاری پەککەوتنی ئەندامەکانی جەستەیان ببنەوە، وەکو ئەندامەکانی 'ئێسک، گورچیلە، دڵ، مێشک و پێست'.
 
پسپۆڕەکەی بەرگریزانی هۆکارەکانی نەخۆشییەکە باسدەکات و دەڵێت، دەکرێت 'ژینگە، بۆماوە، ناڕێکیی هۆرمۆنەکان، هەوکردن، زۆربەرکەوتن بە تیشکی خۆر، کێشانی جگەرە و نێرگەلە، هەندێك جۆری دەرمان و گوشاری دەروونی' مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیادبکەن. 
 
لە بارەی چارەسەریشەوە گوتی، ئێستا چەند چارەسەرییەک بۆ باشترکردنی شێوازی ژیانی تووشبووان و کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشییەکە هەن، بەڵام چارەسەری بنەڕەتی بۆ نەخۆشییەکە نییە.
 
لە لایڤێکیدا سێلینا گۆمێز دەڵێت، ''دەمەوێت هانی ئەو کەسانە بدەم کە تووشبووی نەخۆشییەکەن بۆ ئەوەی هەستیی خۆبەکەمزانییان نەبێت و بتوانن بە بەهێزییەوە بەسەر دۆخەکەیاندا سەربکەون، هەروەها دەمەوێت خەڵک بزانن کە تووشبووان جوانن''، هەروەها بڕیاریداوە شێوازی ژیانی خۆی لە بەڵگەفیلمێکدا تۆماربکات.
 
لەبارەی نەخۆشییەکەوە دامەزراوەی لیوپەسی ئەمریکی دەڵێت، پێنج ملیۆن تووشبووی نەخۆشییەکە لە جیهاندا هەن و 90٪یان خانمانن، هەروەها ئاشکراشی دەکات، تەنیا لە ئەمریکا زیاتر لە 1.5 ملیۆن تووشبوو هەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە