توێژینەوەیەک: زۆر قسەکردن بە مۆبایل پەستانی خوێن بەرزدەکاتەوە

10-05-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانستیی ئەوروپی ئاشکرایکردووە، هەر پەیوەندییەکی مۆبایل کە لە 30 خولەک زیاتر بێت، ئەگەری هەیە پەستانی خوێن زیاتر بکات و کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی دڵ هەبێت.
 
توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری تەندروستیی ئەوروپی بەناوی ( Heart Journal )، بڵاوکراوەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، قسەکردن بە مۆبایل بۆ ماوەی 30 خولەک یان زیاتر لە هەفتەیەکدا مەترسیی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بە رێژەی لەسەدا 12 زیاددەکات. 
 
بەگوێرەی توێژینەوەکە کە سوودی لە داتاکانی بانکی خوێنی بەریتانی (بایۆبانک) وەرگرتووە و دەرکەوتووە کە بەکارهێنەرانی مۆبایل مەترسیی تووشبوونیان بە بەرزەپەستانی خوێن بە رێژەی 7٪ زیاترە بەراورد بەو کەسانەی کە کەمتر مۆبایل بەکاردەهێنن، یانیش هەر بەکاری ناهێنن. 
 
لێکۆڵینەوە زانستییەکە ئەوەشی دەرخستووە، ئەگەر هەفتانە کاتی پەیوەندیکردنەکان لە خوار نیو کاژێرەوە بێت، مەترسی تووشبوونی مرۆڤ بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن نییە.
 
پڕۆفیسۆر شیان هوی کین لە زانکۆی پزیشکی باشوور لە شاری گوانگژۆ لە چین، کە هاوکات ئامادەکاری توێژینەوەکەیە، لەوبارەیەوە دەڵێ "پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو ئەنجامانەی لەو توێژینەوەیە بەدەستهاتوون". 
 
لەدرێژەی توێژینەوەکەدا هاتووە، نزیکەی سێ لەسەر چواری دانیشتووانی جیهان کە تەمەنیان لە 10 ساڵ بەرەو سەرەوەیە خاوەنی مۆبایلن و نزیکەی ملیارێک و 300 ملیۆن کە تەمەنیان لە 30 بۆ 79 ساڵانە لە جیهاندا، بەدەست بەرزە پەستانی خوێنەوە دەناڵێنن.
 
هەروەها توێژینەوەکە باس لەوە دەکات کە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک، هەروەها هۆکارێکی سەرەکییشە بۆ گیان لەدەستدا لە تەمەنێکی کەمدا.
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات مۆبایل ئاستێکی نزمی لە وزەی فرێکوێنسی رادیۆیی هەیە، کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن هەیە. هەروەها توێژینەوەکە ئەوەشی دەرخستووە پێویستە پەیوەندییەکانی مۆبایل بە کەمترین ماوە بهێڵرێتەوە بۆ پاراستنی تەندروستیی دڵ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە