رووداو - تەندروستی
ساڵانە ژمارەی منداڵانی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، بەپێی ئامارە نافەرمییەکانی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، ئێستا سێ هەزار و 900 منداڵی ئۆتیزم هەن کە زیاتر لە 250ـیان زیادکردووە.
لە رانیە چالاکییەک بۆ پاڵپشتیی منداڵانی ئۆتیزم و ماڵباتەکانیان رێکخرا و دایکێک منداڵە ئۆتیزمەکەی 10 ساڵانە و هیچ قوتابخانەیەک وەری نەگرتووە، و دەڵێت: کۆمەڵگە ئەو منداڵانە ناگرێتەخۆیان.
میدیا حاتەم، دایکی منداڵی ئۆتیزم دەڵێت: ''بەداخەوە خەڵک بە چاوێکی جیاواز سەیری منداڵانی ئۆتیزم دەکەن و لە سەنتەرەکان پێیان گوتووم کە منداڵەکەت هارە و وەریناگرین، بەڵام ئەگەر هار و عەجوول نەبایە پەنام بۆ ئەو سەنتەرانە نەدەبرد''.
ئەو دایکە ئاماژە بەوەشدەکات، ئێستا منداڵەکەی گەورە بووە و لە سەنتەرەکان وەری ناگرن، قوتابخانەش پێویستیان بەوە هەیە کە چاودێرێک لەگەڵ منداڵەکە بێت.
لە هەرێمی کوردستان، 41 سەنتەری تایبەت و 8 بۆ 10 سەنتەری حکومیی راهێنانی ئۆتیزم هەن؛ راهێنەرێکیش بەم شێوەیە لەبارەی باشترکردنی دۆخی منداڵانی ئۆتیزم دوا.
رامسەر ئەحمەد، راهێنەری منداڵانی ئۆتیزم گوتی، یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکییەکانی منداڵانی ئۆتیزمی رانیە، ئەوەیە کە سیستمی پەروەردەیان لاوازە و پێویستە لە قوتابخانەکان مامۆستا و سیستمی تایبەت بە خۆیان هەبێت، تەنیا ئەوە بەس نییە کە مامۆستای پەروەردەی تایبەتیان هەبێت.
خراپیی باری دارایی کێشەی سەرەکیی خێزانی منداڵانی ئۆتیزمە، کە بەپێی کۆمەڵەی ئۆتیزم؛ 35٪ـی خێزانەکانیان کرێچین، ئەمەش رێگرە لەوەی منداڵەکانیان ببەنە سەنتەرە تایبەتییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ