مۆدێرنا: ڤاکسینی دژی شێرپەنجە و نەخۆشیەکانی دڵ تاوەکو 2030 ئامادە دەبێت


رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریکا، لە هەوڵدایە بۆ ساڵی 2030 ڤاکسینێک دژی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ ئامادە بکات. 
 
بەگوێرەی دکتۆر پۆڵ بێرتن، سەرۆکی بۆردی پزیشکیی کۆمپانیا دەرمانسازەکە، تەکنەلۆجیایێکی نوێ لە دروستکردنی ڤاکسینەکەیاندا بەکاردێنن کە دەتوانێت ئەو کێشانەی لە جینەکاندا دروستدەبن و دەبنە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ چارەسەر بکات. 
 
دکتۆر پۆڵ دەڵێت، چارەسەرەکە "زۆر کاریگەر" دەبێت و رەنگە ژیانی "سەدان هەزار یان ملیۆنان" کەس رزگار بکات. مۆدێرنا ئەو کۆمپانیایە کە لە دروستکردنی ڤاکسینی دژی پەتای کۆرۆنا پێشەنگ بوو. 
 
دەکرێت لە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوە وەرچەرخێنەرەی کە مۆدێرنا باسی دەکات، ڤاکسینێک دروستبێت بۆ پاراستنی مرۆڤ لە ژمارەیەک نەخۆشیی کۆئەندامی هەناسە، وەک کۆرۆنا، هەڵامەت و ڤایرۆسی RSV. 
 
بۆ ئەو نەخۆشیانەشی کە تائێستا چارەسەریان بۆ نەدۆزراوەتەوە، دەکرێت لە رێگەی تەکنەلۆجیای mRNA چارەسەر بکرێن. تەکنەلۆژیاکە خانەکان لەسەر چۆنیەتی بەرهەمهێنانی پڕۆتینێک رادێنێت کە سیستمی بەرگریی لەش چالاک دەکات. 
 
دکتۆر بێرتن باس لەوە دەکات، ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاکە بۆ شێرپەنجە، ئۆتۆئیموون و نەخۆشییە دەگمەنەکانی دیکە کراون، "گەشبینی گەورەیان تێدایە."
 
دکتۆرەکە بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیی گوتووە: "پێموایە لە ئایندەدا چارەسەری پشتبەستوو بە mRNAمان دەبێت بۆ ئەو نەخۆشیانەی پێشتر بێ دەرمان بوون، بە بڕوای من 10 ساڵی دیکە دەچینە جیهانێکەوە کە دەتوانین تێیدا هۆکارە بۆماوەییە راستەقینەکانی نەخۆشییەکە بدۆزینەوە و بە رادەییەکی ئاسان دەتوانین بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای mRNA دەستکاری [جینەکان] بکەین، هۆکارەکە لاببەین و چاکیبکەینەوە."