لەگەڵ رەنج؛ زۆربەی ئەو دەرمانانەی بە ئۆنلاین دەفرۆشرێن 'ساختەن'

10-03-2024
هیدایەت جان
A+ A-
 

 

رووداو دیجیتاڵ 

لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا دەرمانخانەکان بۆیان نییە دەرمانی بێ ستیکەر و بەبێ رەچەتەی دکتۆر بفرۆشن و خاوەن دەرمانخانەیەکیش دەڵیت، "من پابەندی ئەو بڕیارەم و ئەوەش وای کردووە لە مایەپووچبوون نزیکببمەوە." هاوکات پسپۆڕێکی حوکمڕانیی تەندروستیش پێیوایە، "هەر دەرمانخانەیەک دەرمانی بێ رەچەتە و ستیکەر نەفرۆشێت، مایەپووچ دەبێت و دەبێ دایبخات".
 
هاوکات، نوێنەری کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی دەرمان لە هەرێمی کوردستانیش باس لە زیادبوونی دەرمانی ساختە دەکات کە لە سنوورەکانەوە هاوردە دەکرێن و دەڵێت؛ "دەرمانێکی شێرپەنجە بە هەزار و 600 دۆلار فرۆشراوەتە تووشبوویەکی شێرپەنجە و دواتر دەرکەوتووە تەنیا ئاوی دڵۆپێندراو بووە".
 
 
رۆژی یەکشەممە، 10ـی مارسی 2024، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی عیسا خانۆ، ‏جێگری نەقیبی ‏سەندیكای ‏كارمەندانی ‏تەندروستی؛ دكتۆر بەیار ئارام، ‏پزیشكی ‏پسپۆڕی ‏دەرمانساز؛ دكتۆر ئیدریس ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی باڵای لیژنە ‏هاوبەشەكانی ‏قایمقامیەتی سلێمانی؛ دکتۆر مەحموود رێبین، پسپۆڕی حوکمڕانی تەندروستی و سەرۆکی ئەنستیتیوتی پلاتفۆرمی خزمەتگوزاریی تەندروستی؛ دكتۆر هەڵدێر محەممەد، پزیشكی دەرمانساز و محەممەد كاوانی، نوێنەری كۆمپانیایەكی دەرمان، جیاوازیی نرخ ‌و كوالێتی دەرمان لە بازاڕەكانی كوردستان گەنگەشە کرا.
 
بەشێک لە هاووڵاتییان "گوێ بە کوالێتیی دەرمان نادەن"
 
دكتۆر ئیدریس ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی باڵای لیژنە ‏هاوبەشەكانی ‏قایمقامیەتی سلێمانی پێیوایە، بەشێک لە هاووڵاتییان گوێ بە کوالێتیی ئەو دەرمانە نادەن کە دەیکڕن و زیاتر نرخەکەیان بەلاوە مەبەستە کە هەرزانبێت و دەشڵێت؛ "لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک دەرمان لە بازاڕدا هەن کە شایەنی ئەو نرخە نین لەسەریان دانراوە".
 
لیژنەی باڵای لیژنە ‏هاوبەشەكانی ‏قایمقامیەتی سلێمانی مانگی رابردوو دەستی بەسەر زیاتر لە هەزار و 500 جۆر دەرمانی قاچاخمان لە بازاڕەکانی سلێمانی دا گرتووە و دکتۆر ئیدریس ئەحمەد دەڵێت: "کەسێکمان گرت دەرمانی بە دیلیڤەری بە زیاتر لە 200 کەس لە هەموو هەرێمی کوردستان فرۆشتبوو، بەڵام کاتێک پشکنینمان بۆ کرد، دەرکەوت دەرمانەکەی تەنیا پاودەرێکە و کۆمەڵێک ڤیتامینی تێدایە".
 
 
هەبوونی دکتۆری دەرمانساز لە دەرمانخانەکان
 
ئەندامی لیژنەی باڵای لیژنە ‏هاوبەشەكانی ‏قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، لە ساڵی 2018 زیاتر لە نیوەی دەرمانخانەکان پسپۆڕی تایبەت بە دەرمانسازییان لەسەر نەبوو بۆ پێدانی دەرمان بە نەخۆش، بەڵام لە پارەوە ئەو پێشێلکارییە بە رێژەیەکی بەرچاو نەماوە.

 

 
دكتۆر ئیدریس ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد: "پێشتر سەرپێچی ئەوە هەبوو کە کەسانێک لە دەرمانخانەکان کاریان دەکرد و پسپۆڕییان لە دەرمان نەبوو، بەڵام لە دوو مانگی ئەم ساڵ لیژنەکانمان هیچ سەرپێچییەکی لەم شێوەیان تۆمار نەکردووە و دەکرێ بڵێم لە پارەوە ئەو کێشەیە بە رێژەیەکی یەکجار زۆر کەمی کردووە".
 
 
ئەم ساڵ "رێنمایی باش" بۆ کۆنتڕۆڵی دەرمان دەرچووە
 
دکتۆر مەحموود رێبین، پسپۆڕی حوکمڕانیی تەندروستی و سەرۆکی ئەنستیتیوتی پلاتفۆرمی خزمەتگوزاری تەندروستی دەڵێت: "سیستمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک کەلێنی تێدا دروستبووە کە پڕکردنەوەیان رەنگە دەیان ساڵ بخایەنێت، بۆیە هەتاوەکو سیستمی تەندروستی راست نەکرێتەوە، کۆنتڕڵکردنی بازاڕێکی زەبەلاحی وەکو بازاڕی دەرمان کارێکی ئەستەمە".
 
ئەو پسپۆڕەی حوکمڕانیی تەندروستی ئاماژەیدا؛ "لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیمان کرد و دەرکەوت لەدوای بەرنامەکەی پاری رووداو لەسەر کوالێتیی دەرمان، ئێستا کۆمەڵێک هەنگاوی بنچینەیی نراون و کۆمەڵێک رێنمایی ورد کە زیاتر لە 150 لاپەڕەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەرمان لە هەرێمی کوردستان دەرچووە کە هەوڵ و بەدواداچوونی زۆر وردی پێوە دیارە".
 
دۆخی نەخۆشخانە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان "باش نییە"
 
دکتۆر مەحموود رێبین دۆخی نەخۆشخانە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان بە "خراپ" وەسفدەکات و هۆکارەکەشی بۆ قەیرانی دارایی دەگێڕێتەوە و پێیوایە هەر ئەوەش وایکردووە خەڵک روو لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بکەن.
 
بە گوتەی دکتۆر مەحموود رێبین؛ "نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان کەموکوڕیی زۆریان هەیە، بەتایبەتی نەخۆشخانە گشتییەکان کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە هێندەی دیکە کەلێنەکانیان گەورەتر بووەتەوە." ئەو پزیشکە دەشڵێت؛ "ئێستا بە جۆرێکی لێهاتووە، کاتێک لە ماڵەوە نەخۆشێکمان دەبێت، نەخۆشخانە گشتییەکان لە بیرکردنەوەماندا نەماون و یەکسەر بیر لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکەینەوە".
 
 
بەشێکی دەرمانەکان "کوالێتییان بەگوێرەی نرخەکەیان نییە"
 
دكتۆر هەڵدێر محەممەد، پزیشكی دەرمانساز، بەرپرسیارێتیی هاوردەکردنی دەرمان لە هەرێمی کوردستان دەخاتە ئەستۆی کۆمپانیای هاوردەکردن و بەشی نرخاندنی دەرمان لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی دەرمان و پێیوایە؛ "قازانجی هەرە گەورەی دەرمان لە کوردستان بۆ کۆمپانیای هاوردەکار و رێککەوتنی ژێربەژێری ئەو کۆمپانیایانەیە لەگەڵ پزیشکەکانە".
 
دکتۆر هەڵدێر محەممەد دەڵێت؛ "بەشێکی ئەو دەرمانانەی لە هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێن، کوالێتییەکەیان بەگوێرەی ئەو نرخە نییە کە لەسەری دانراوە و بەو هۆیەش، خەڵکێکی زۆر لەلایەن کۆمپانیاکانی دەرمان و دەرمانخانەکانەوە دەقۆزرێنەوە." 
 
ئەو پزیشکە دەرمانسازە دووپاتیدەکاتەوە؛ "ئێستا بەشێک لە خەڵک لە دەرمان و پزیشک و کەرتی تەندروستی بێهیوا بوون، بۆیە کاتێک لە سۆشیاڵ میدیا رێکلامی دەرمانێک دەبینن، یەکسەر داوای دەکەن، یان روو دەکەنە نووشتە و دوعا لەبەر ئەوەی دەڵێن چەندین دکتۆرمان گۆڕیوە و دەیان جۆری دەرمانمان بەکارهێناوە و نەخۆشییەکەمان چارەسەر نەبووە".
 
 
ئەگەر دەرمانخانە پابەندی رێنماییەکان بێت "مایەپووچ دەبێت"
 
بەپێی یاسا، فرۆشتنی دەرمان بەبێ ستیکەر و رەچەتەی پزیشکی قەدەخەیە و دکتۆر هەڵدێر محەممەد کە خاوەنی دەرمانخانەیە، باس لەوە دەکات کە ئەگەر کەسێک ئەو رێنماییە جێبەجێ بکات مایەپووچ دەبێت و دەبێ دەرمانخانەکەی دابخات.
 
وەکو دکتۆر هەڵدێر محەممەد ئاماژەی پێدەدات؛ "بەپێی یاسا دەرمان دەبێ بە دوو شێوە بدرێتە خەڵک، یەکەمیان ئەو دەرمانانەن دەبێت بە رەچەتەی دکتۆر بدرێنە خەڵک و نابێت لەنێو دەرمانخانەکان لەبەردەست بن، دەرمانەکانی دیکە ئەو دەرمانە سەرەتاییانەن کە خاوەنی دەرمانخانە بۆی هەیە بەبێ رەچەتە بە خەڵکی بفرۆشێت، بەڵام دەبێت هەموویان ستیکەری کوالێتی کۆنتڕۆڵیان لەسەربێت".
 
دكتۆر هەڵدێر محەممەد دەڵێت: "من کۆمەڵێک لە دەرمانەکانی وەکو شەکرە، پاڵەپەستۆ و ئانتیبایۆتیکەکان و چەندین دەرمانی دیکە بەبێ رەچەتە نادەم بە خەڵک و ئەوەش وای کردووە خەریکە تووشی مایەپووچبوون دەبم".
 
هاوکات، دکتۆر مەحموود رێبین پێیوایە، "ئێستا لە کوردستان ئەگەر دەرمانخانەیەک دەرمانی بێ ستیکەری نەبێت و بەبێ رەچەتە دەرمان نەداتە نەخۆش، تووشی مایەپووچبوون دەبێت و دەبێ پاش ماوەیەک دەرمانخانەکەی دابخات".
 
 
کوالێتیی دەرمانخانەکان "باش نییە"
 
بە گوتەی دکتۆر هەڵدێر محەممەد؛ "دەرمان لە کوردستان بەر لەوەی بگاتە کاتی ئێکسپایەربوونی، ئێکسپایەر دەبێت، لەبەر ئەوەی شێوازی گواستنەوە و هەڵگرتنیان لە کۆگا و دەرمانخانەکان باش نییە، بۆ نموونە لە هاویندا پلەی گەرما دەگاتە نزیکەی 50 پلەی سەتی و بەهۆی ئەوەی کارەبای بەردەوامیش نییە، پێکهاتەی دەرمانەکە لەنێو کۆگا و دەرمانخانەکاندا تێکدەچێت".
 
لەبارەی ئەو دەرمانانەش کە ستیکەریان پێوەیە، ئەو دکتۆری دەرمانسازە دەڵێت؛ "تا ئەو رۆژەی گەیشتوونەتە دەست کوالێتی کۆنترۆڵ گەرەنتییان دەکرێت و دوای ئەوەی لە کوالێتی کۆنترۆڵ دەرچوون و گەیشتنە کۆگای کۆمپانیا و دەرمانخانەکان، گەرەنتی سەلامەتییان ناکرێت".
 
دەرمانی گەڕی "لە بازاڕەکانی کوردستان نییە"
 
دكتۆر هەڵدێر محەممەد باس لە کۆمەڵێک دەرمان دەکات کە بەهۆی ئەوەی دەگمەنن و باش نافرۆشرێن، کۆمپانیاکان هاوردەی ناکەن، نموونەی ئەوە دەهێنێتەوە کە ئێستا "دەرمانی گەڕی لە هەرێمی کوردستان نییە".
 
ئەو دەرمانسازە کە خاوەنی دەرمانخانەیە لە هەولێر، دەڵێت؛ دەرمانی ئایڤەر مەکتین کە بۆ نەخۆشی گەڕی بەکاردێت، حەبەکەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەستناکەوێت و تەنیا کرێمەکەی هەیە کە ئەویش بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە تازە خەریکە نەخۆشییەکە لە لەشی نەخۆشەکەدا سەرهەڵدەدات، بەڵام ئەگەر ئەو نەخۆشییە تەشەنەیکرد و چووە قۆناخێکی قورستر، بۆ چارەسەرکردنی، حەبی ئایڤەر مەکتینیان پێویستە و ئەو حەبەش لە بازاڕدا نییە".
 
ئاوی دڵۆپێندراو بەناوی "دەرمانی شێرپەنجە فرۆشراوە"
 
محەممەد كاوانی، نوێنەری كۆمپانیایەكی دەرمان لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە زۆربەی ئەو دەرمانە قاچاخانە دا کە دێنە هەرێمی کوردستان و گوتی بەشی هەرە زۆریان دەرمانی ساختەکراون کە لە سنوورەکانەوە بە قاجاخ دەهێنرێن.
 
محەممەد کاوانی دەڵێت؛ "دەرمان هەیە بەهۆی گرانی نرخەکەی هاوردەی هەرێمی کوردستان ناکرێت، بەڵام ساختەکراوەکەی بە نەخۆش فرۆشراوە".
 
نوێنەری كۆمپانیایەكی دەرمان نموونەیەک لە هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو کە دەرمانی ساختەی شێرپەنجە دراوە بە نەخۆشێک و دەڵیت؛ "جۆرێک دەرمانی شێرپەنجە کە لە بازاڕ نەبووە، نەخۆشێک بە ناچاریی قاچاخەکەی بە هەزار و 600 دۆلار کڕیوە، بەڵام دواتر دەرکەوتووە دەرمانەکە تەنیا ئاوی مقەتەر بووە."

 

 
محەممەد کاوانی روونیدەکاتەوە؛ "ئەو دەرمانە بە ناوی دروستکراوی ئەمریکی دراوە بە نەخۆشەکە کە تەنیا 100 ملیم ئاو بووە" و دەشڵێت؛ "لە هەرێمی کوردستان هەر دەرمانێکت بوێ بە کۆپیکراوی بۆت دەهێنرێت کە زۆربەیان لە سنوورەکان کۆپی دەکرێن و بە قاچاخ دەهێنرێن". 
 
زۆربەی ئەو دەرمانانەی لە سۆشیاڵمیدیا دەفرۆشرێن "ساختەن"
 
دكتۆر بەیار ئارام، ‏پزیشكی ‏پسپۆڕی ‏دەرمانساز دەڵێت؛ "ئەو دەرمانانەی لە سۆشیاڵ میدیا رێکلامیان بۆ دەکرێت، بە نرخێکی گران دەفرۆشرێن، لەکاتێکدا هەمان دەرمان بە کۆمپانیای باشتر و بە کوالێتیی زۆر بەرزتر لە بازاڕەکانی کوردستان هەن کە بە کوالێتی کۆنترۆڵدا تێپەڕیون و نرخەکانیان هەرزانتریشە.
 
ئەو پزیشکە کۆمەڵێک دەرمانی لەگەڵ خۆی هێنابوویە نێو بەرنامەکە کە گوایە بۆ بەرزکردنەوەی سنگی ئافرەتانە، هەر لە بەرنامەکەدا سەرجەم دەرمانەکانی لەسەر مێزەکە فڕێدا و گوتی؛ "ئەو رێکلامانەی بۆیان دەکرێت هیچ بنەمایەکیان نییە".
 
دکتۆر بەیار ئارام باسی لە دەرمانێکی دیکە کرد کە بە ناوی 'جین سینگ' لە بازاڕەکان دەفرۆشرێت و دەڵێ بەکارهێنانی لە هەرێمی کوردستان بەربڵاوە و بانگەشەی ئەوەی بۆ دەکرێت کە بۆ بەهێزکردنی توانای سێکسی بەکاردێت؛ "تەنیا شەکرە و پاڵەپەستۆی خوێن بەرزدەکاتەوە و هیچ توانایەکی دەرمانیی نییە".
 
 
نۆرینگەکان دەتوانن "18 جۆری دەرمان بدەنە نەخۆش"
 
عیسا خانۆ، ‏جێگری نەقیبی ‏سەندیكای ‏كارمەندانی ‏تەندروستی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ "نزیکەی 600 بنکە و مەڵبەندی تەندروستی لە دەرەوەی شارەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەو دەرمانانەی لەو بنکانە دەدرێن بە نەخۆش، هەمان ئەو دەرمانانەش لە نۆرینگەکان دەدرێن و هەمان ئەو خاوەن نۆرینگانەش وەکو بەڕێوەبەر و دکتۆر لە بنکەکانن."
 
بۆیە دەپرسێت؛ "بۆچی دەبێت لە بنکەکانی تەندروستی ئاسایی بێت دەرمانەکە بدەن بە نەخۆش، بەڵام لە نۆرینگەکانیان هەمان دەرمانیان لێ قەدەخە بکرێت؟"
 
 
عیسا خانۆ گوتی؛ "بۆ رێکخستنەوەی نۆرینگەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا 18 جۆری دەرمان کە لە بنکەکانی تەندروستی دەدرێن بە نەخۆش، لە نۆرینگەکانیش دەتوانن ئەو دەرمانانە بەکاربهێنن".
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە