پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی دڵ: جگە لە سۆنەر پشکنینی ئیکۆی دڵ بۆ کۆرپەلە بکرێت

رووداو - تەندروستی 

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پشکنینی پێشوەختە بۆ دڵی کۆرپەلە بەگرنگ دەزانێت و پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی دڵیش رایدەگەیێنێت، ئەگەر هەندێک لە کێشە سکماکییەکان لەکاتی خۆیدا دەستنیشان نەکرێن، ئەوا چارەسەریان ئەستەمدەبێت. 
 
دکتۆر ئارام بەختیار هەڵشۆیی، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی دڵ لە بوولتەنی هەواڵەکاندا بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند، گرنگە لەماوەی دووگیانی و دوای لەدایکبوونی کۆرپە، پشکنینی پێشوەختە بۆ تەندروستیی دڵی منداڵ بکرێت و لە ئەگەری هەبوونی هەر کێشەیەک بەزووترین کات پەنا ببرێتە بەر چارەسەر. 
 
لەبارەی ئەو پشکنینانەی بۆ تەندروستیی کۆرپەلە گرنگە دکتۆر ئارام دەڵێت: ''دوای هەفتەی 18ـی دووگیانی پێویستە گرنگی زیاتر بە لایەنی تەندروستیی دڵی کۆرپە بدرێت و پشکنینی سۆنەر بە وردی لەلایەن پزیشکەوە خوێندنەوەیەی بۆ بکرێت''، هەروەها دەشڵێت: بۆ دڵنیابوونەوەی تەندروستیی دڵی کۆرپەلە دەتواندرێت جگە لە سۆنەر پەنا ببرێتە بەر پشکنینێکی وردتر بەناوی 'ئیکۆی کۆرپەلە' کە لێدان و پێکهاتەکانی دڵ هەڵدەسەنگێنێت.
 
بەگوتەی پسپۆڕەکە، لەکاتی بوونی نیشانەکانی وەکو 'گریانی بەردەوام، جێگربوونی کێشی کۆرپە، لاوازیی بەرگریی جەستە و شینبوونەوە لەکاتی گریان' پشکنینی ئیکۆی دڵ بۆ کۆرپە گرنگە.
 
دکتۆر ئارام بەئومێدەوە باسی چارەسەرکردنی نەخۆشییە سکماکییەکانی لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: بەخۆشحاڵییەوە بەشێکی زۆر لە کێشە سکماکییەکان دەتواندرێن لە هەرێمی کوردستان چارەسەربکرێن و بۆ ئەم مەبەستەش تیمی پسپۆڕ هەیە، بەجۆرێک زیاتر لە 60٪ بۆ 70٪ـی نەخۆشییە سکماکییەکان و بەتایبەت نەخۆشییەکانی دڵ توانای چارەسەرکردنیان هەیە.