رووداو - تەندروستی
دەستەی تەحریری شام گەیشتنە نێو دیمەشق و پایتەختی سووریایان گرت. بەشار ئەسەد بۆ مۆسکۆ هەڵات و حکومەتەکەشی رووخا، هەزاران زیندانیی نێو بەندینخانەکان ئازادکران، بەڵام بەشێکیان بە تووندی تووشی كێشەی دەروونی و جەستەیی بوون؛ پسپۆڕێکی پەرستاریی دەروونی رایدەگەیێنێت، 3.5٪ـی ئازادکراوان تووشی تەنگەژەی دەروونیی دوای رووداوەکان دەبن کە درێژخایەنە.
د. موسڵیح سابیر، پسپۆڕی پەرستاریی دەروونی بە رووداوی راگەیاند، زۆرینەی بەندکراوەکان هەندێکجار رووداوی نێو بەندینخانەیان بیرناچێتەوە و لەگەڵیدا دەژین و درێژە دەکێشێت.
د. موسڵیح دەڵێت، هەر بەندکراوێک دوای ئازادکردنی، دەشێت خەمۆکی و دڵەڕاوکێی تووشببێت، بەڵام دوای مانگێک نامێنێت و ئاسایی دەبێتەوە.
لەبارەی کێشەیەکی درێژخایەنی بەندکراوەکانەوە گوتی، ''3.5٪ـیان رووداوەکانی بەندینخانەیان بیرناچێتەوە و تووشی تەنگەژە دەبن، باری دەروونییان بە بەردەوامی تێکدەچێت و ئەگەر چارەسەرنەکرێن، ئەوا خۆیان دەکوژن''.
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەگەری تووشبوون بەم نەخۆشییانە لەنێو بەندینخانەکان هەیە؛
- بەرزەپەستانی خوێن
- رەبۆ
- شێرپەنجە
- هەوکردنی جومگەی رۆماتیزمی
- سیل
- ئەیدز
- ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر
- خەمۆکی
ئەمانەی خوارەوەش هەندێک لە مەرجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ نێو بەندینخانەکان بۆ پاراستنی تەندروستیی زیندانیکراوان
- پشکنینی رۆتینی
- دابینکردنی هەواگۆڕکێ
- رووناکیی گونجاو
- بەکارهێنانی بەردەوامی قڕکەرە و دژەبەکتریاکان لە هۆڵەکانی زیندانی
- هاوسەنگیی پلەی گەرمیی ژوورەکان
- پشکنینی بەردەوامی دەروونیی زیندانیکراوان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ