رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی لە دهۆک رایدەگەیێنێت، دایک هەیە تەنیا بۆ ئەوەی منداڵەکەی لە رۆژ و رێکەوتێکی جوان لە دایک ببێت، منداڵەکەی بەناکامی دەهێنێتە دنیاوە. ئاماژە بەوەش دەدات، رێژەی 36٪ی لەدایکبوونی ناسرووشتی رێژەیەکی مەترسیدارە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 09-11-2022، دکتۆر نزار بەکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی لە دهۆک، میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات.
سەبارەت بە ئامارەکانی منداڵی ناکام لە پارێزگای دهۆک، دکتۆر نزار گوتی: "لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا 230 منداڵ لە نەخۆشخانە خەوێندراون کە پێشوەختە لەدایکبوون، رێژەی ناکامی دەوستێتە سەر رێژەی لەدایکبوون، ئەگەر رێژەکە لەنێوانی 5 بۆ 10٪یش بێت قبووڵکراوە، بەڵام ئەگەر بێت و زیاتر بێت نیشانەیەکی باش نییە".
بەگوتەی دکتۆر نزار، هۆکاری لەدایکبوونی منداڵی ناکام "بەشێکی پەیوەندیی بە دایکەکەوە هەیە و بەشێکی پەیوەندیی بە دروستبوونی منداڵەکەوە هەیە، بەڵام یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکان ئەوەیە ئەگەر تەمەنی دایکەکە کەمتربێت لە 20 ساڵ، یان تەندروستیی باش نەبێت، بۆ نموونە شەکرە و گوشاری خوێن و هەوکردنی هەبێت و لە رووی جەستەییەوە بەهێز نەبێت، هەموو ئەمانە وادەکەن منداڵەکە زووتر لە دایک ببێت".
هۆکارێکی دیکەی "نازانستی" بە گوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی لە دهۆک کە پەیوەندیی بە تەندروستیی دایکەکە و تەنانەت کۆرپەکەش نییە، "خواستی دایکەکانە بۆ ئەوەی منداڵەکەیان لە رێکەوتێک لەدایکببێت کە لای ئەوان جوانە، وەکو 10ی 10، 8ی 8 و 7ی 7، واتە هێشتا هەفتەی خۆی تەواو نەکردووە و تەمەنی کەمترە 37 هەفتەیە. ئەو کەسانە دەچن بە نەشتەرگەری ئەو منداڵە دەردەهێنن تەنیا بۆ ئەوەی رۆژی لەدایکبوونەکەی بکەوێتە رێکەوتێک کە دڵیان پێی خۆشبێت. بەڵام زۆرجار ئەو منداڵانە گیانلەدەستدەدەن، چونکە سییەکانیان پێنەگەیشتوون، ئەگەر نەشمرێت ئەوا تاوەکو لە ژیاندا مابێت هەندێک ماکی بەسەرەوە دەمێنێت. رێژەی ئۆتیزم لەو منداڵانە زیاترە، منداڵێکی بە جوڵەیان لێدەردەچێت، رێژەی تووشبوونیان بە شەکرە و رەبۆ زیاترە".
لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا 13 هەزار و 661 منداڵ لە دهۆک لەدایکبوونە، 36٪یان بە نەشتەرگەری بوونە و ئەوانەی دیکەش بە سرووشتی. 6 هەزار 941 منداڵ کوڕ بوونە و 6 هەزار و 720یشان کچ بوونە.
بەبڕوای دکتۆر نزار 36٪ منداڵبوون لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە "رێژەیەکی مەترسیدارە، چونکە منداڵبوون لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە، رێگەیەکی دروست نییە بۆ منداڵبوون. رێگەیەکی دروستە بۆ ئەو دایکانەی مەترسی چ لەسەر ژیانی خۆیان و چ کۆرپەکەیان هەبێت."
دکتۆر نزار، دەڵێت: "لەدایکبوون لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە مەترسیدارە بۆ دایکەکە و کۆرپەکەش، ئەو بەنجەی لە دایکەکە دەدرێت زۆر خراپە بۆی، ئەو دەرمانە بۆ کۆرپەکەش دەڕوات. بەپێی توێژینەوەکانیش ئەو منداڵانەی کە بە سرووشتی لە دایک دەبن لە داهاتوودا تەندروستییان زۆر باشترە لەوانەی بە نەشتەرگەری بوونە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ