لە ئەمریکا لەگەڵ مار دا، یۆگا دەکرێت

رووداو - تەندروستی 

لە هۆڵێکی داخراوی ناوچەی کۆستا مێسای ئەمریکا، لەگەڵ مار دا، یۆگا دەکرێت و خاوەنی بیرۆکەکە دەڵێت، بەو رێگەیە ترسی ئەوانە دەردەکەین کە لە مار دەترسن و فۆبیایان هەیە.
 
ترس لە مار دۆخێکی دەروونییە بە ناوی ophidiophobia کە کەسی تووشبوو بە بینین، دەستلێدان و تەنانەت بیکردنەوە لە ماریش دەشڵەژێت و دەترسێت.
 
تێسا کاو، خاوەنی هۆڵەکەیە و دەڵێت: ''دەمانەوێت یارمەتیی ئەوانە بدەین کە ترسیان لە مار هەیە، بۆ ئەوەی زاڵبن بەسەر ترسەکەیاندا''، هۆکاری ئەوەشی کە یۆگایان بەکارهێناوە ئاشکرادەکات و گوتی، ''لەکاتی ترسانیان لە گیاندارەکە و بەرکەوتنیان لەگەڵی، بە یۆگا کۆنتڕۆڵی هەناسە و جووڵەشیان دەکەن''.

مارەکان لەسەر دەست و پشتی بەشداربووەکان دادەنرێن و ئەوانیش بە مارەکانەوە یۆگا دەکەن، خاوەنی هۆڵەکە روونی دەکاتەوە، مارەکان بێ زیانن و گاز ناگرن.