جیهان نزیک دەبێتەوە لە دۆزینەوەی ''یەکەم دەرمانی دژەپیربوون''

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

هەمیشە جەنگ دژی پیربوون و هەوڵدان بۆ بە گەنجی مانەوە مژارێکی سەرەکیی بەردەم تاکەکانی هەموو سەردەمە جیاوازەکان بووە، توێژەرانی ئەمریکی و کەنەدی گەیشتوونەتە ئەوەی کە دەرمانێک دەتوانێت ئەو گرێ کوێرەیە بکاتەوە.
 
چەند توێژینەوەیەک لەسەر دەرمانێک کراوە بە ناوی راپامایسین Rapamycin کە بەرگریی جەستە کپدەکات و بەکاردەهێندرێت بۆ ئەوانەی گورچیلەیان بۆ دەچێندرێت، تاوەکو جەستەی کەسی وەرگر گورچیلە نوێیەکە نەناسێتەوە و هێرشی نەکاتە سەر.
 
هاوکات توێژینەوە جیاوازەکان ئاشکرای دەکەن، ئەو دەرمانە دەتوانێت پیربوون دوابخات، بەجۆرێک لە سەر مشک تاقیانکردووەتەوە کە 9٪ بۆ 14٪ پیربوونی دواخستووە.
 
پسپۆڕان دەڵێن، rapamycin پڕۆسەی پیربوون خاودەکاتەوە، بەجۆرێک گەشە، دابەشبوون و لەنێوچوونی خانەکان دەوەستێنێت یان دوایاندەخات.
 
بە گوێرەی دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا، ریپامایسین دەرمانێکی پەسندکراوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە و ئەوانەشی کە گورچیلەیان بۆ دەچێندرێت. 
 
لێکۆڵینەوەیەکی گۆڤاری پزیشکیی لانسێتیش ئەمە رووندەکاتەوە کە دەرمانەکە لەسەر 50 خانمی ژاپۆنی تاقیکراوەتەوە و دەرکەوتووە، ماوەی هێلکەدانانیان درێژتر بووەتەوە و سووڕی مانگانەیان 20٪ دواخستووە، بەڵام ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک و هێلکەدان زیاددەکات.
 
مات کێیبەرلین، بەڕێوەبەری پەیمانگەی توێژینەوەی تەمەندرێژی و پیربوون لە ئەمریکا دەرمانەکەی بەکارهێناوە و دەڵێت: ''بەڵێ ئەوە پیربوون خاودەکاتەوە''.
 
برایان جۆنسن، تەمەن 47 ساڵان و سەرمایەداری ئەمریکی دەڵێت، دەرمانەکە بەکاردەهێنێت و پیربوونی ئەوەندە راگرتووە کە جەستەی وەکو گەنجێکی 20 ساڵان وایە، ئەمە جگە لەوەی کە زیاتر لە 50 تەواوکەری خۆراکیش بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێنێت.

 
دەرمانەکە لە هەرێمی کوردستان دەستدەکەوێت؟
 
دکتۆر محەممەد جەعفەر، پزیشکی دەرمانساز لە هەولێر لەبارەی دەرمانەکەوە بە رووداوی گوت، لە بازاڕدا نییە و ئەگەریش هەبێت بە قاچاخ هێندراوە، چونکە جێگرەوەی دەرمانی دیکە زۆر هەن بۆ مەبەستی کپکردنەوەی بەرگریی جەستە کە زیاتر بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێندرێت.
 
هاوکات دکتۆر سیڤەر رزگار، بەرپرسی بەشی دەرمان لە نەخۆشخانەی هیوا بە رووداوی راگەیاند، تائێستا ئەو دەرمانەیان بۆ هیچ نەخۆشێکی شێرپەنجە بەکارنەهێناوە و گوتیشی کە لە نەخۆشخانەکانی شێرپەنجەی هەرێمی کوردستان دا نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە