وەزیری تەندروستی: داوامان لە بەغدا کردووە ئەو نەخۆشانەی لە عێراق چارەسەریان نییە بنێردرێنە دەرەوە


رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق، سەردانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانی کرد. وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، داوایان کردووە لەو بودجەیەی بۆ کەرتی تەندروستیی عێراق تەرخانکراوە، مافەکانی هەرێمی کوردستان رەچاوبکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 9ـی ئابی 2023، شاندێکی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی ماجد شنگالی سەردانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ وەزیری تەندروستی کۆبوونەوە.
 
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆمان لەبارەی کۆمەڵێک پێداویستیی پزیشکی، پەیوەندی و هاوئاهەنگییەکانمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق، دابینکردنی پێداویستیی پزیشکی و دەرمان بۆ نەخۆشخانە گشتییەکان و ئەو پڕۆژە نیشتمانییانە کرد، کە لە عێراقدا جێبەجێ دەکرێن".
 
د. سامان بەرزنجی دەڵێت، "خزمەتگوزاریی شۆردنەوەی گورچیلە بۆ ئەو نەخۆشانەی لەکارکەوتنی گورچیلەیان هەیە، لەسەر ئاستی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەردەوام دەبێت، ئەو خزمەتگوزارییە لە هەرێمی کوردستان هەندێک گرفتی هەبوو، بەڵام بە هاوکاریی سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و وەزیری تەندروستیی عێراق چارەسەرکرا".
 
بە گوتەی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان "لە کۆبوونەوەکەدا هاوئاهەنگیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو یاسا و رێنماییانەی لە کەرتی تەندروستیی عێراق دەردەچن و رێکارەکانی کۆنترۆڵکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی خرانە بەرباس".
 
لەبارەی ناردنەدەرەوەی ئەو نەخۆشانەی چارەسەریان لە عێراقدا نییە، د. سامان بەرزنجی گوتی، "کۆمەڵێک پڕۆژەی نوێ لە عێراق دەکرێت، پێشنیازمان کرد حکومەتی فیدراڵ بەشی هەرێمی کوردستانی تێدا دابین بکات، بۆ نموونە ناردنە دەرەوەی نەخۆش بۆ ئەو نەشتەرگەرییانەی لە عێراقدا ناکرێت و بەشداریکردن لە پڕۆژە نیشتمانییەکانی عێراق".