لە بەردەڕەش کەسێک دوای دەرزی لێدان گیان لەدەست دەدات

09-03-2023
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە هاونیشتمانییەک دوای ئەوەی تووشی تەنگەنەفەسی دەبێت، دەچێتە یەکێک لە نۆرینگەکانی بەردەڕەش و دەرزییەکی لێدەدرێت، دواتر تەندروستی تێکدەچێت و گیان لەدەست دەدات، ئەمە بەگوتەی کوڕەکەی بۆ رووداو.
 
ئەو هاونیشتمانییەی کە گیانی لەدەستداوە ناوی محەممەد ئەمینە و تەمەنی 64 ساڵ بووە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09-03-2023، ئیسماعیل محەممەد، کوڕی ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی گوت، باوکی هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبووە، بەڵام کەمێک تووشی تەنگەنەفەسی بووە و چووەتە نۆرینگەیەک بۆئەوەی دەرزییەکی لێبدرێت، دوای ئەوە تەندروستی تێکچووە.
 
ئیسماعیل محەممەد دەڵێت، باوکی دوای لێدانی دەرزییەکە تەندروستی تێكچووە، دواتر گەیێندراوەتە بنکەی تەندروستیی بەردەڕەش و لەوێشەوە بۆ فریاکەوتنی ئاکرێ گوستراوەتەوە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێ، گیانی لەدەستداوە.
 
عەمید سەعدی ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش بە رووداوی راگەیاند، ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە کە دەرزی لە هاونیشتمانییەکە داوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش، ئەو هاونیشتمانییە دەرزییەکی لەجۆری "ئەمۆکسیلین" لەگەڵ خۆی بردووە و داوای کردووە ئەو دەرزییەی بۆ لێ بدەن، دواتر بەوهۆیەوە تەندروستی تێکچووە و گیانی لەدەستداوە.
 
بەگوتەی ئیسماعیل محەممەد، باوکی خۆی ئامادەکردبوو بۆ ئەوەی بەشداری لە پرسەی کەسێکی نزیکیان بکات، بەڵام دوای ئەوەی دەرزی لێدراوە، تەندروستیی تێکچووە و گیانی لەدەستداوە. دەشڵێت، جارێ سکاڵایان لەسەر کەس تۆمار نەکردووە.
 
تەرمی محەممەد ئەمین گواستراوەتەوە بۆ دادپزیشکی دهۆک.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە