لە سنە گومان لە کەسێک دەکرێت کە تووشی کۆرۆنا بووبێت
رووداو - هەولێر
جێگری سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی سنە بۆ کاروباری تەندروستی رایدەگەیێنێت، بەئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کەسێکیان لەگەڵ بنەماڵەکەیدا قەرەنتینە کردووە و نموونەی خوێنەکەیشیان بۆ تاران ناردووە.
ئیبراهیم قادری، جێگری سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی سنە بۆ کاروباری تەندروستی دەڵێت، نموونەی خوێنی ئەو کەسەیان بۆ تاران ناردووە، تاوەکو لە ئەگەری تووشبوون یان نەبوونی بە کۆرۆنا پشتڕاست بکرێتەوە.
بەگوتەی قادری، ئەو کەسە لە دوو رۆژی رابردوودا هەندێک نیشانەی ئەنفلەوەنزای پێوە دیاربووە و خراوەتە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە، دواتر لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لە نەخۆشاخانەی تەوحید لە سنە قەرەنتینە کراون.
لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی تووشبوونی کەسێک بە کۆرۆنا لە سنە بڵاوبووەوە و باس لەوەدەکرا کە لە نەخۆشخانەی تەوحید راگیراوە. بەڵام رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو ( 04-02-2020) ئیبراهیم قادری رەتیکردەوە و گوتی "تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمارنەکراوە و ئەم دەنگۆیانە بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و نیگەرانییە لەنێو خەڵکدا".
بەرپرسانی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، لە خاڵە سنوورییەکان رێوشوێنی تەندروستی و پزیشکی زۆر تووندووتۆڵیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتووەتەبەر.
ئیبراهیم شەکیبا، جێگری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری تەندروستی دەڵێت، بۆ رێگریکردن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەمانەوێت لە ئاستی فراوندا راهێنان بە خەڵک بکەین.
ترس لە کۆرۆنا لە ئێران و بەتایبەتی شاری سنە، وایکردووە دەمامک لە دەرمانخانەکان نەمێنێت یان زۆر بە گران بفرۆشرێت. مودەت هومایی، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی کەلوپەلی پزیشکی ئێران، کەمیی ماسکی پشتڕاستکردووەتەوە و هەڕەشەی لە سەرپێچیکاران کردووە.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، هەفتەی رابردوو رایگەیاند "وەک هەڵوێستێکی مرۆڤدۆستانە ئێران دوو ملیۆن دەمامکی بە چین داوە".
بەپێی داتاکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تاوەکو ئێستا 37 هەزار و نزیکەی 600 کەس لە جیهان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و بەهۆیەوە 814 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش چاکبوونەتەوە.