پسپۆڕێکی هەناو: جۆرە نوێکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسیدارترە

09-01-2023
شکار رێبوار
دکتۆر زرار حوسێن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو. وێنە: رووداو
دکتۆر زرار حوسێن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو – تەندروستی

جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین بڵاوبووەتەوە و وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان چەند رێکارێک بۆ پێشگیریکردن رادەگەیێنێت، پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناویش دەڵێت: ئەم ڤایرۆسە چین جۆرێکی گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و مەترسیدارترە.
 
دکتۆر زرار حوسێن، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو لە بوولتەنی نوورۆژدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نیشانەکانی جۆرە نوێکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆرۆناکەی پێشوو تووندترە.
 
دکتۆر زرار گوتی: ئەو رێکارانەی بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا و ئۆمیکرۆن پەیڕەودەکران بەهەمان شێوە بۆ ئەم جۆرە نوێیەش پەیڕەودەکرێت، بەڵام دەبێت ئەوانەی 'رەبۆ، نەخۆشییە درێژخایەنەکان، پەککەوتنی دڵ و گورچیلەیان' هەیە زیاتر خۆیان بپارێزن، چونکە تووشبوون بە ڤایرۆسەکان کاریگەریی مەترسیدار لەسەر ژیانیان دروستدەکات.
 
دکتۆر زرار گرنگی بە وەرگرتنی ڤاکسین دەدات و بەڕێگەیەکی سەرەکیی بۆ پارێزگاریکردن لە تووشبوون بە کۆرۆنا و هاوشێوەکانی دادەنێت و دەڵێت: ''دەشێت سێ بۆ چوار قورچک بەکاربێت و بەردەوامیش بێت، چونکە بەرگریی جەستە بەرامبەر بە ڤایرۆسەکان بەهێزدەکات.''
 
دوای ئەوەی چەندین وڵاتی جیاواز رێکاری خۆپارێزیی تووندیان بۆ ئەو کەسانەی لە چینەوە دێنە وڵاتەکەیان گرتەبەر، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە 8ـی ئەم مانگەدا پشکنینی کۆرۆنا PCRـی بۆ ئەو کەسانەی کە لە چینەوە دێنە هەرێمی کوردستان راگەیاند، بەجۆرێک دەبێ پشکنینەکەیان کردبێت و ئەنجامەکە نێگەتیڤ بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە