گورچیلەیەکی زیرەک هیوایەکی نوێیە بۆ تووشبووانی سستبوونی گورچیلە

رووداو- هەولێر

تیمێکی پزیشکانی زانکۆی کالیفۆرنیا دوای تاقیکردنەوەی گورچیلەیەکی زیرەکی دەستکرد رایدەگەیێنن گورچیلە زیرەکە دەستکردەکە پێویستی تووشبووانی سستبوونی گورچیلە بە شۆردنی گورچیلە کەمدەکاتەوە.

پزیشکان لەرێگەی گورچیلەیەکی زیرەکی دەستکرد دەیانەوێت پێویستی نەخۆشانی گورچیلە بۆ شۆردنی گورچیلە کەمبکەنەوە و ئەگەر پرۆسەکە سەرکەوتووبێت، لە داهاتوودا دەبێتە یەکێک لە داهێنانە پزیشکییە گرنگەکان لە جیهاندا.

د. شڤو رۆی، پرۆفیسۆر و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ئەم گورچیلە دەستکردە زیرەکە، لە جەستەی نەخۆشەکەدا دەچێنرێت و نزیکەی هەمان فرمانی گورچیلەیەکی ئاسایی هەیە و پێویستی نەخۆش بە شۆردنی گورچیلە نامێنێت.

سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە، زۆربەی تووشبووانی سستبوونی گورچیلە ناتوانرێت نەشتەرگەری چاندنی گورچیلەیان بۆ بکرێت، ئەمەش بەهۆی کەمی ئەندامەکەیە، بۆیە گورچیلە دەستکردە زیرەکەکە دەتوانێت ئەو گرفتە چارەسەربکات.

گورچیلە دەستکردە زیرەکەکە بەجۆرێک دروستکراوە کە دەتوانێت خوێن بپاڵێوێت و هاوسەنگی کانزاکان لە جەستەدا رابگرێت، گورچیلەکە لە ساڵی 2015 لەسەر حەوت نەخۆش تاقیکراوەتەوە و هێشتاش توێژینەوە لەبارەی کاریگەرییەکانی دەکرێن.