وەزیری تەندروستی: پیسبوونی ئاو هۆکاری رشانەوە و سکچوون لە شارەزوور بووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هۆکاری رشانەوە و سکچوونی دانیشتووانی شارەزوور، پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی قەزاکە بووە، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئووف بەگیش دەڵێت، هەر ئەمڕۆ زیاتر لە 150 نەخۆش سەردانیان کردوون.
هاوکات، ئەمڕۆ هەینی، 08-11-2024، حوسێن فەتاح، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئووف بەگی قەزای شارەزوور لەبارەی تەندروستیی ئەو هاونیشتمانییانەی کە تووشی سکچوون و رشانەوە بوون، بە سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''زۆربەیان دۆخیان جێگیرە و تەنیا نزیکەی دوو کاژێر دەمێننەوە و دواتر دەنێردرێنەوە بۆ ماڵەوە.''
حوسێن فەتاح گوتی، ''هەر ئەمڕۆ، لە کاژێر 08:00ـەوە تاوەکو کاژێر 11:00، نزیکەی 150 نەخۆش سەردانیان کردووین، بەڵام هیچ کەسێکمان نەناردووەتە سلێمانی و سەرجەمیان لێرە چارەسەریان بۆ دەکرێت.''
بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی شەهید رەئووف ئاماژەی بەوە کرد، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانییەوە سەرجەم پێداویستییەکانی چارەسەرکردنیان بۆ دابینکراوە هیچ کێشەیەکیان نییە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا زیاتر لە 2500 هاونیشتمانی لە تەمەنی جیاوازدا، بەهۆی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئووف بەگیان کردووە.
نەخۆشخانەى شەهید رەئووف بەگ لە قەزای شارەزوورە کە بە "هەڵەبجەی تازە"ـش ناسراوە. وەک حوسێن فەتاح گوتی، زۆربەی ئەو نەخۆشانەی بەهۆی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن، منداڵن.
تەندروستیی سلێمانی لەسەر راسپاردەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری نەخۆشییەکە و کواڵێتیی ئاوی شارەزوور پێکهێناوە.
رۆژی هەینی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنەکەوە رایگەیاند، ئەنجامەکان دەرخەری ئەوەن کە تێکەڵبوونی ئاوی پیس و ئاوی خواردنەوە، هۆکاری نەخۆشییەکەن.
وەزیری تەندروستی ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو درەنگانی شەوی رابردوو، هەزار و 560 تووشبووی سکچوون و رشانەوە لە شارەزوور تۆمارکراون و ''24 بۆ 48 کاژێرمان پێویستە بۆ دیاریکردنی جۆری ئەو بەکتریایەی کە بووەتە هۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە''.