1,300 کەسی دیکە لە شارەزوور تووشی سکچوون بوون
رووداو دیجیتاڵ
سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداو دەڵێت، ژمارەی تووشبووانی سکچوون و رشانەوە لە شارەزوور گەیشتە 2500 کەس کە زۆربەی تووشبووان منداڵن.
ئەوە لەکاتێکدایە لە دوو رۆژی رابردوو دا هەزار و 200 کەس تووشی رشانەوە و سکچوون ببوون.
هاونیشتمانییان هۆکاری سکچوونەکە بۆ پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی شارەکە دەگەڕێننەوە.
شەوی پێنجشەممە، 7-11-2024 لە راگەیێندراوێکدا نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئووف رێنوێنیی هاونیشتمانییان دەکات کە "ئاوی تانکییەکانیان بەکارنەهێنن بۆ خواردنەوە و قاپ شووشتن."
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەڤانانی گوت: "بۆچوونەکانمان راست دەرچوون کە نەخۆشییەکە بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوی زێراب بە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە لەسەر رووباری بێستانسوور بڵاوبووەتەوە."
گوتیشی کە بەهۆی لافاوی چەند رۆژی رابردوو لێچوون لە بۆرییەکان هەبووە و بووەتە هۆکاری تێکەڵبوونی ئاوی پیس بە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە.
شەوی چوارشەممە، ژمارەیەک هاونیشتمانیی شارەزوور روویان لە نەخۆشخانەی شارەکەیان کرد و بەڕێوبەری نەخۆشخانەکە بە رووداوی گوت: تووشی سکچوون و رشانەوە بوون.
هاوکات سەرچاوەیەکیش لە تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی گوت: "زۆرینەی تووشبووەکان منداڵن و دانیشتووی گەڕەکی هەوارانن لە هەڵەبجەی تازە."
لە بەشێکی دیکەی رێنوێنییەکەی نەخۆشخانەی گشتیی شارەزوور دا هاتووە کە هاونیشتمانییان "تەنیا ئاوی بوتڵکراو، واتە ئاوی کارگەکانی ئاو بەکاربهێنن بۆ خواردنەوە."
نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئووف بەگ داوا دەکات، تانکی ئاوی ماڵان بەتاڵ بکرێت و بشۆردرێن، چاوەڕێ بکەن تاوەکو ئاوی تازە دێت و دواتر بەکاریبهێنن.
ئەو رۆژەی ئەو رووداوی ژەهراویبوونە روویدا، نەخۆشخانەی قەزاکە داوای لە تەندروستیی سلێمانی کرد لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری نەخۆشییەکە بنێرنە شارەکەیان.