نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە قەزای بەردەڕەش کرایەوە

رووداو - تەندروستی 

بۆ یەکەمجار نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتن لە قەزای بەردەڕەش کرایەوە و بەرپرسی راگەیاندنی قەزاکە دەڵێت: ''40 کارمەندی پسپۆڕیی جیاواز بۆ نەخۆشخانەکە دابینکراون''.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2024 نەشوان بەرزنجی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی بەردەڕەش بە رووداوی گوت، نەخۆشخانەکە کارمەند و پێداویستیی گونجاوی بۆ دابینکراوە و هەر لەمڕۆوە دەستدەکرێت بە بینینی نەخۆش.
 
نەشوان بەرزنجی دەڵێت: ''ئەم نەخۆشخانەیە یەکێک بوو لە داواکارییە لەپێشینەکانمان و توانرا ملیارێک و 600 ملیۆن دیناری بۆ دابینبکرێت''.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەوەشی ئاشکراکرد، کارگەی دابینکردنی ئۆکسجنیش کراوەتەوە.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەش باسدەکات، ئەو نەخۆشخانەیە تەنیا بۆ حاڵەتە فریاگوزاری و بەپەلەکانە و وەکو ناوەندێکی فریاکەوتن کاردەکات.