توێژینەوەیەک: میوزیک تەندروستیی تووشبووانی شێرپەنجە باشتردەکات

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی باشووری فلۆریدا لە ئەمریکا دەریدەخات، میوزیک یارمەتیدەرە لە باشتربوونی باری دەروونی و تەندروستیی مێشکی ئەوانەی چارەسەری کیمیایی وەردەگرن.
 
لەم توێژینەوەیەدا میوزیک پێشکەش بە تووشبووانی شێرپەنجە کراوە کە چارەسەری کیمیایییان بۆ دەکرێت و دەرکەوتووە، میوزیک کارکردنی مێشک باشتر دەکات و یارمەتی بەرزکردنەوەی هەستکردن بە توانای زاڵبوون بەسەر شێرپەنجە دەدات.
 
د. مێلیسا مالۆری، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''وەرگرتنی چارەسەری شێرپەنجە کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر دەرووندروستی و تەندروستیی گشتیی نەخۆش، دەبێت ژینگەی دەوروبەر کەشێکی یارمەتیدەربێت تاوەکو تێپەڕاندنی شێرپەنجە ئاسانتربێت''. 
 
بە گوێرەی توێژینەوەکە، دیارترین جۆری میوزیک کە زۆرترین کاریگەریی ئەرێنی لەسەر تووشبووانی شێرپەنجە هەبێت پیانۆیە.