پسپۆڕێک: خانمانی سەروو 40 ساڵان پشکنینی مامۆگرافی بکەن

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشی و شێرپەنجەی مەمک لە ئەمریکا دەڵێت: شێرپەنجە بە زوویی دەستنیشانبکرێت، ئەوا چارەسەریشی ئاسان دەبێت، هەربۆیە پێشنیازدەکات، لەکاتی تێبینیکردنی هەر گومانێک لە تەندروستیی مەمک، سەردانی پزیشک بکرێت.
 
پڕۆفیسۆر باربارا کرافت، پسپۆڕی نەخۆشی و شێرپەنجەی مەمک لە ناوەندی پزیشکیی مێسیسیپیی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەمیشە خانمان خودپشکنینی مەمک بکەن و دوای تەمەنی 40 ساڵیش بایەخ بە پشكنینی مامۆگرافی بدەن، تاوەکو هەر ناڕێکییەک هەبێت، بە زووترین کات دەستنیشانبکرێت.

خودپشکنینی مەمک چۆن ئەنجامدەدرێت؟
 
ئەو پسپۆڕە دەڵێت: ''بەردەوام بە لە پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجە، ئەمە تەنیا بۆ شێرپەنجەی مەمک نییە، بەڵکو بۆ هەموو شێرپەنجەکانی دیکەش وەکو شێرپەنجەی کۆڵۆن، پڕۆستات، ملی منداڵدان و زۆرێکی دیکەش. دڵنیابەرەوە کە پشکنینی رۆتینیت کردووە و راوێژت بە پزیشک کردووە''.
 
ئەم مانگە بە مانگی 'ئۆکتۆبەری پەمەیی' ناسراوە کە ئامانج لێی زیادکردنی ئاستی هۆشیاریی خانمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی مەمک و زیادکردنی ئاستی هۆشیارییە بۆ پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکە.
 
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی دەست دێسکی تەندروستیی رووداو کەوتوون، تەنیا لە شاری سلێمانی لە 10 مانگی سەرەتای ساڵی رابردوودا 406 تووشبووی شێرپەنجەکە تۆمارکراون، بەڵام ئەمساڵ لەو ماوەیەدا ژمارەکە بۆ 476 تووشبوو بەرزبووەتەوە.