رووداو - تەندروستی
لە دووەمین کۆنفرانسی کۆلێژی زانستە تەندروستییەکانی زانکۆی هەولێری پزیشکی، پسپۆڕانی زانکۆکە داوادەکەن، چیدیکە توێژینەوەکان تەنیا بۆ بەدەستهێنانی ماستەر و دکتۆرا بەکارنەیەن، بەڵکو لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە وەربگیرێن و لە ناوەندە تەندروستییەکان کاریان پێبکرێت.
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر سەڵاح تۆفیق باڵەکی، سەرۆکی بەشی مایکرۆبایۆلۆژی پزیشکی لە زانکۆی هەولێری پزیشکی دەڵێت: ''وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختێکی زۆر لەسەر خوێندنی باڵا دەکاتەوە و بەشێکی کەمی سەرنجەکانی لەسەر توێژینەوەی زانستییە''.
د. سەڵاح بالەکی دەشڵێت: ''بەداخەوە بە گوێرەی دوایین ریزبەندیی جیهانی، زانکۆکانمان لە دوایین زانکۆکانی جیهانن، چونکە بایەخی کەم بە توێژینەوە و توێژەران دراوە''، هاوکات باسی ئەوەش دەکات کە هەر پێشکەوتن و داهێنانێکی پزیشکی پشت بە توێژینەوە دەبەستێت، بۆیە ئەگەر توێژەران هانبدرێن، ئەوا ئاستی توێژینەوەش بەرزدەبێتەوە و زانکۆکانیش پێشدەکەون.
لە بارەی رێگەی کاریگەر بۆ پاڵپشتیکردنی توێژەران پڕۆفیسۆری یاریدەدەر سەڵاح تۆفیق ئاماژە بە هاندانی مادی و مەعنەوی توێژەران دەکات، بەجۆرێک 'دابینکردنی بودجەی تایبەت بە توێژینەوە لەلایەن حکومەت و کەرتی تایبەت، هەروەها خەڵاتکردنی توێژەران لە بۆنە و کۆنفرانسی تایبەت لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە' جێبەجێبکرێن.
د. رۆندک ئەحمەد، سەرۆکی بەشی خۆراک لە زانکۆی هەولێری پزیشکی دەڵێت، "بۆشاییەکی گەورە لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و خوێندنی باڵا دا هەیە لە جێبەجێکردن و بەکارخستنی توێژینەوەکان، چونکە زانکۆکانمان توێژەر و توێژینەوەی باش و ئاست بەرزیان تێدا دەکرێت".
د. رۆندک ئەحمەد جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە بەشێکی زۆری توێژینەوەکان بەهۆی بەرزیی ئاستیانەوە لە گۆڤارە جیهانییە پزیشکییەکان بڵاودەکرێنەوە، ئەمەش واتە متمانەپێکراون و دەکرێت لە ناوەندە تەندروستییەکانی نێوخۆ پشتیان پێببەسترێت.
بە گوتەی پسپۆڕێکی تەندروستیی گشتی، توێژینەوەکانی زانکۆی هەولێری پزیشکی بایەخی تایبەتیان بۆ وەزارەتی تەندروستی هەیە و پێشنیازدەکات، وەزارەتەکە بەشێکی تایبەت بە توێژینەوەکان بکاتەوە کە تێیدا دەرەنجامی توێژینەوەکان تاوتوێ بکرێن و لە نێو نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکاندا جێبەجێبکرێن.
د. سەنگەر جاف، پسپۆڕ و سەرۆکی بەشی تەندروستیی گشتیی لە زانکۆکە ئاشکرای کرد، "توێژینەوەی زۆر لە زانکۆی هەولێری پزیشکی دەکرێت، بەڵام بایەخیان پێنادرێت و جگە لە بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا سوودی دیکەیان لێ نابیندرێت".
ئەو پسپۆڕەی تەندروستیی گشتی دەڵێت: ''تەنیا بە توێژینەوە هۆکار و سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دەردەکەوێت، بۆیە پێویستە وەزارەتی تەندروستی بە پەرۆش بێت بۆ وەرگرتنی توێژینەوەکان و کاریان لەسەر بکات''.
د. محەممەد میرزا، پسپۆڕی بواری فیسیۆلۆژی و مامۆستا لە زانکۆی هەولێری پزیشکی لەم بارەیەوە گوتی، ''دەکرێت بە توێژینەوە هاونیشتمانییان هۆشیار بکرێنەوە و لە نەخۆشییە جیاوازەکان بپارێزرێن".
دووەم کۆنفرانسی کۆلێژی زانستە تەندروستییەکان لە زانکۆی هەولێری پزیشکی لە ژێر درووشمی ''بەزانین بەرزدەبینەوە'' بەڕێوەچوو، نزیکەی زیاتر لە 70 توێژینەوە لەلایەن توێژەرانی نێوخۆ و بیانییەوە پێشکێشکران و کۆنفرانسەکە دوو رۆژی خایاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ