پسپۆڕێك هۆشداری دەدات؛ دانیشتنی زۆر لەنێو ئۆتۆمبێل هۆکارێكی تووشبوونە بە ناسووڕ


رووداو- هەولێر

بەرنامەیەکی نوێی دکتۆر ئاراسە، پسپۆڕێکی نەشتەرگەری گشتی دەڵێت خانمان ئاگاداری خۆیان نەبن، تووشی ناسووڕی نێوان مەمکەکانیان دەبن، پسپۆڕێكی نەخۆشییەکانی رۆماتیزم و شیاندنەوەی پزیشكیش لە بڕگەی یەکەمدا دەڵێت خراپ زۆر دانیشتن و ناتەندروست دانیشتن هۆکاردەبێت بۆ ژانی جومگەکان، پشتئێشە و ملئێشە.
 
دکتۆر ئاراس برادۆستی لە بڕگەی یەکەمی بەرنامەکەدا بە ئۆتۆمبێلێكی کلاسیکەوە دێتە نێو ستۆدیۆی دکتۆر ئاراس، بانگهێشتی میوانەکانی دەکات و دەپرسێت هاونیشتمانییان چۆن خۆیان لە تووشبوون بە ژان و ئازاری جومگەکانیان بپارێزن؟
 
د. گەشین حەوێزی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی رۆماتیزم و شیاندنەوەی پزیشكی چەند رێنماییەک دەخاتەڕوو، دەڵێت هەموو شۆفێرێك لەکاتی سەرکەوتنەوە تاوەکو دابەزین جێبەجێیان بکات، بەوردی دەڵێت شێوازی ناتەندروستی دانیشتن لە ئۆتۆمبێلدا زەبر بە جومگەکانی مل دەگەیێنێت، هۆکارێکە بۆ ژانی گشتیی جەستە و جومگەکان، هاوکات روونیدەکاتەوە بەهۆی جوڵەی هەڵەی کاتی شۆفێری، بەشێکی زۆری شۆفێران ئێستا پشتئێشەیان هەیە.
 
د. گەشین حەوێزی لە کۆیەوە بۆ بەرنامەکە هاتووە و دەڵێت بۆ سەرکەوتن بەسەر ئۆتۆمبێل دەبێت سەرەتا سمت دابندرێت، نابێت سەرەتا پێیەکان دابندرێن، چونکە هۆکاردەبێت بۆ تێكچوونی ئاستی توێکاری جومگەکان و تەنانەت هەندێكجار پشتئێشە و ژانی جومگەکانی بەدوادادێت، دەشڵێت لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل باشترە هیچ شتێك لەنێو گیرفانەکان نەبێت و باشترە گۆشەی کوشنی شۆفێر نزیک بێت لە 100-110 پلە.
 
پسپۆڕەکەی رۆماتیزم و شیاندنەوەی پزیشكی دەڵێت لەکاتی لێخوڕیندا کوشنی شۆفێر زۆر بۆ پشتەوە نەبرێت، سەری کەسەکە بەگۆشەیەک بێت کە راستەوخۆ لەسەر سەری شۆفێرەکە بێت، دەکرێت کۆشەیەک بخرێتە پشت پشتی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە، بەمەش تووشی ژانی پشت و مل نابێت. دەشڵێت باشترین شێوازی دانیشتن ئەوەیە کە لەکاتی دانیشتن لەنێو ئۆتۆمبێل چەماوەیی بڕبڕەکانی پشت بپارێزرێت، شۆفێر بەشێوەی کاژێر 9 و کاژێر 3 دەستەکانی دابنێت و مەچەکی شۆفێر لەسەر سووکان بەنزیکەیی لەئاستی شانی شۆفێرەکە بێت.
 
لە بڕگەی دووەمدا، دکتۆر دەوەن حەوێزی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی باسی پاککردنەوەی مووی زیادەی دەوری کۆم و کلێنچە دەکات، دەڵێت پاکنەکردنەوە و نەتراشینی مووی زیادەی دەوری کۆم هۆکاردەبێت بۆ ناسووڕ، ئارەقکردنەوەکەشی هۆکارێكە بۆ بۆ نی ناخۆشی جەستە.
 
پزیشكە پسپۆڕەکەی نەشتەرگەریی گشتی دەڵێت هەموو کەسێك مووی زیادەی دەوری کلێنچەی بتراشێت؛ چونکە مەترسیی تووشبوون بە ناسووڕ کەمدەکاتەوە، دەشڵێت زۆربەی کات هەڵگەڕانەوەی مووە مردووەکانی دەوری کۆم هۆکارێك دەبێت بۆ هەوکردن و تووشبوون بە ناسووڕ.
 
وەکو پزیشكە پسپۆڕەکە باسیدەکات شۆفێرەکان، کارمەندانی ئۆفیس و ئەوانەی زۆرتر دادەنیشن زۆرتر تووشی ناسووڕ دەبن، چونکە زۆرتر دادەنیشن، مووەکانیان تووشی لەیەکخشان و هەڵگەڕانەوە دەبن، بۆ دووربوون لەمەش، پێشنیازدەکات هەموو کەسێك لە هەموو تەمەنێكدا مووی دەوری کلێنچە بتراشێت، بەڵام بەو مەرجەی دواتر بیشوات و پاکیبکاتەوە تاوەکو مووە تاشرا و مردووەکان نەبنەهۆی نەخۆشی.
 
دکتۆر دەوەن حەوێزی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی دەشڵێت ناسووڕ چەندین جۆری جیاوازی هەیە و رەنگە جگە لە دەوری کۆم، تووشی ناوک، نێو مەمکی خانمان و ژێر باڵەکان ببێت.