سوودە سەرسوڕهێنەرەکانی خەوتن بەبێ جلوبەرگ ئاشکرادەکرێن

رووداو - تەندروستی 

کۆمەڵەی خەو لە کەنەدا سوودەکانی خەوتن بەبێ جلوبەرگ ئاشکرادەکات؛ یەکێکیان زیادکردنی ئارەزووی سێکسییە.
 
کۆمەڵەکە لەم بارەیەوە ئاشکرای دەکات، خەوتن بە رووتی گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ کەمدەکاتەوە، چونکە ئاستی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ رێکدەخات.
 
لە بەشێکی سوودەکاندا باسی ئارەزووی سێکسی دەکرێت، بەجۆرێک خەوتن بە رووتی لە پیاواندا یارمەتیی چالاککردن و بەرهەمهێنانی زیاتری سپێرمەکان دەدات، هەروەها لە خانمانیش ئەگەری تووشبوون بە هەوکردنەکانی کۆئەندامی زاوزێ کەمدەکاتەوە کە ئەو هەوکردنانە ئارەزووی سێکسیی خانمان لاوازدەکەن.
 
هاوکات د. ئۆدری وێڵ، پسپۆڕی خەو و فیسیۆلۆژی لە زانکۆی میشیگن لە ئەمریکا دەڵێت: خەوتن بە رووتی کوالێتیی خەو باشتردەکات و وادەکات کەسەکە زیاتر بخەوێت، چونکە پلەی گەرمیی جەستە رێکدەبێت و میلاتۆنینی زیاتر دەردەدرێت کە هۆرمۆنی خەوە.
 
د. ئۆدری وێڵ دەشڵێت: ئەگەر کەسێک فێر نەبێت بە رووتی بخەوێت، ئەوا سەرەتا بە جلوبەرگێکی زۆر تەنکەوە بخەوێت، ئینجا هەنگاو بە هەنگاو جلوبەرگەکانی کاتی خەوتنی کەمبکاتەوە.
 
ئەمانەش بەشێکی دیکەی سوودەکانی خەوتنن بەبێ جلوبەرگ؛
 
- کونیلەکانی پێست دەکاتەوە
- سووڕی خوێن باشتر دەبێت
- ئۆکسجینی زیاتر دەچێت بۆ ئەندامەکان
- زیادکردنی توانای منداڵبوون و زایەندی
- هەستی خۆشەویستی لەنێوان هاوژینان زیاددەکات، چونکە بەرکەوتنی راستەوخۆی پێست، هۆرمۆنی خۆشەویستی دەردەدات

لە بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس باسی مەرجەکانی ژووری نووستن دەکرێت بۆ خەوێکی خۆش.