چارەسەرێکی نوێ بۆ نەخۆشیی فرەڕەقبوونی دەماری 'MS' تاقیدەکرێتەوە

رووداو - تەندروستی 

لە ئەمریکا قۆناخەکانی تاقیکردنەوە لەسەر دەرمانێک بۆ چارەسەری تەواوەتیی نەخۆشیی فرەڕەقبوونی دەماری MS دەستپێدەکەن؛ ئەمەش هیوایەکە بۆ تووشبووانی ئەو نەخۆشییە بێ چارەسەرە درێژخایێنە.
 
دەرمانە نوێیەکە بە ناوی Pipe-307 بەردەستدەبێت و توێژەرانی زانکۆی کالیفۆرنیا سانفرانسیسکۆ بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای دەرمانسازیی کۆنتینیومی ئەمریکی دەرمانێکیان پەرەپێداوە بۆ جێگرتنەوەی ئەو مادەیەی کە بەهۆی نەخۆشییەکەوە نامێنێت کە هەر ئەوەشە وایکردووە نیشانەکانی نەخۆشییەکە قورستر ببن.
 
د. جۆناهـ چان، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لەسەر دەرمانەکە دەڵێت: دەرمانەکە مادەی مایلینیی دەوریی دەمارەخانەکان دروستدەکاتەوە.
 
بە گوتەی ئەو سەرپەرشتیارە، دەرمانەکە قۆناخی یەکەمی تاقیکردنەوەکانی بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە و مانگی داهاتوو دەست بە قۆناخی دووەم دەکەن بۆ ئەوەی بە تەواوەتی دەریبخەن کە بەکارهێنانی لەسەر مرۆڤ سەلامەتە.
 
بەگوێرەی سەرچاوەی مایۆکلینیک، نەخۆشیی فرەڕەقبوونی دەماری MS نەخۆشییەکی درێژخایێنە و بەهۆی تێکچوونی کۆئەندامی بەرگریی جەستەوە دروستدەبێت، بەجۆرێک خانەکانی بەرگریی جەستە هێرشدەکەنە سەر خانەکانی جەستە.
 
لە هەندێک کەس نەخۆشییەکە نیشانەکانی لاوازن، بەڵام لە هەندێکیش نیشانەکانی لاوازبوونی بینین، ناڕێکیی قسەکردن و بەپێ رۆیشتن، لاوازبوونی بیرکردنەوەش دەشێت رووبدەن، تەنانەت هیچ چارەسەرێک بۆ نەخۆشییەکە نییە، بەڵام ئەگەر دەرمانی بۆ بەکارنەهێندرێت ئەوا دەشێت کەسەکە گیانلەدەستبدات یان ئیفلیج ببێت.
 
سیلین دیۆن، گۆرانیبێژی کەنەدی کە بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی بەرهەمەکانی بڵاوکردووەتەوە، لەرێگەی گۆرانی 'My Heart Will Go On' ناوبانگییەکی زۆری بەدەستهێنا و لە فیلمی سینەمایی 'Titanic' بڵاوکرایەوە؛ ئەو تووشبووی نەخۆشیی MSـە.